ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی بەرازیل وێنەی ژینا ئەمینی لەسەر فڕۆکەکەی دەنەخشێنێت

06-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ژینا ئەمینی هەڵبژاردەی بەرازیل مۆندیالی خانمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی خانمانی بەرازیل بۆ بەشداریکردن لە رکابەرییەکانی جامی جیهانی خانماندا چووە ئوسترالیا، ئەوەی بۆ هەموو جیهان جێگەی سەرنج بوو، نەخشاندنی وێنەی ژینا ئەمینی بوو لەسەر باڵی فڕۆکەی هەڵبژاردەکە.
 
شاندی هەڵبژاردەکە لە کاتی چوونیان بۆ ئوسترالیا رێزیان لە هەریەکە لە ژینا ئەمینی و ئەمیر ناسر ئازادانی گرت و وێنەی هەریەکێکیانی لەسەر باڵێکی فڕۆکەکە دروستکرد.
 
ژینا ئەمینی چالاکڤانێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ساڵی رابردوو بەهۆی ئەوەی رەتیکردەوە باڵاپۆشی بکات دەستگیرکرا، دوای ئەوەش بەشێوەیەکی نادیار گیانیلەدەستدا، کە ئەمە ناڕەزایەتییەکی گەورە لەسەر ئاستی ئێران بەتایبەتی و جیهان بەگشتی دروستکرد و تاوەکو ئێستاش بەتەواوی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو خانمە کوردە دیارنییە.
 
جگە لە نەخشاندنی وێنەی ژینا ئەمینی لەسەر فڕۆکەکەیان، بەشێوەیەکی گەورە نووسراوە "نابێت هیچ ژنێک ناچار بکرێت باڵاپۆش بێت."
 
نەخۆشخانەی کەسرای تاران رۆژی هەینی 16/09/2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژینا کاژێر 20:22 خولەکی رۆژی سێشەممە بێ هیچ نیشانەیەکی زیندووبوون و لە کاتێکدا تووشی وەستانی مێشک ببوو، گەیێندراوەتە نەخۆشخانە. ئەو راگەیێندراوە دوای نزیکەی کاژێرێک لەسەر پەیجی نەخۆشخانەکە لابرا.

 
سەفا عائیلی، خاڵی ژینا کە لە نەخۆشخانە ژینای بینیبوو، رۆژی یەکشەممە 18-9-2022 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد و گوتی، "ژینا پێش ئەوەی بگەیێندرێتە نەخۆشخانە مێشکی مردبوو و تەنیا بەهۆی ئامێرێکەوە کە لەسەر زاری دانرابوو دڵی لێی دەدا." دەشڵێت، "سەری هەڵئاوسابوو و خوێن لە چاو و گوێی هاتبوو."
 
ژینا ئەمینی کاژێر 15:45 خولەک لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا و لە دۆسیەی پزیشکییەکەیدا نووسراوە، بەهۆی جەڵتەی مێشک و وەستانی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام باسی هۆکاری جەڵتەکە نەکراوە.





 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە