جیرارد پیکێ باسی مێسی، ریال مەدرید و سەرۆکایەتی بارسێلۆنا دەکات

06-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیرارد پیکێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیرارد پیکێ، یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، دووپاتی دەکاتەوە کە هیچ بیری تۆپ پێ ناکات. دەشڵێت "راهێنەرێک مەشقی پێداوم کە هیچ لە تۆپی پێ نازانێت، بەڵام ناوی ناڵێم". هەروەها دان بەوەدا دەنێت کە ریال مەدرید یانەیەکی گەورەیە و دەڵێت "لیۆنێل مێسی کارێکی باشی کرد کە چووە ئینتەرمەیامی".
 
جیرارد پیکێ، سەرەتا وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە، کە ئایا بیری یاریکردن دەکات و گوتی "نەخێر، بەهیچ شێویەک بیری ناکەم، ئەوە قۆناخێکی ژیانم بوو، تێپەڕی. پێموایە مانەوە لەگەڵ رابردوو هەڵەیە".
 
ئینجا سەبارەت بە ئەگەری بوونی بە سەرۆکی بارسێلۆنایان لێپرسی و ئەو لە وەڵامدا گوتی "هێشتا دوورم لە وەرگرتنی کورسیی سەرۆکی بارسێلۆنا".
 
پیکێ لە بەشێکی قسەکانیدا، باسی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و چوونی بۆ ئەمریکا کرد و گوتی "بڕیاری مێسی بۆ چوونە ئەمریکا لۆژیکییە، بەتایبەتی کە شاری مەیامی ژمارەیەکی زۆر لە لاتینییەکان تێدا دەژین، ئەو بەخێرایی خۆی دەگونجێنێت لەگەڵ کەشوهەوایەکەدا، کە زۆرینەی خەڵک بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن، بێگومان بوونی ئەو بەهایەکی زیاتر بە خولی ئەمریکی دەبەخشێت".
 
پیکێ زیاتر لەبارەی مێسییەوە، گوتی "دەرفەتێک هەبوو بۆ گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسێلۆنا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ئەمە رووی نەدا".
 
بەرگریکاری پێشووی بارسێلۆنا، هەروەها باسی خولی شاکانی کرد، کە خۆی سەرپەرشتی دەکات و گوتی "لە یارییەکانی خولی شاکاندا هەوڵدەدەین زیاتر رکابەری دروست بکەین و مووچەکان بەرزبکەینەوە، ئەوە بەرەوپێشڤەچوونێکی گرنگ دەبێت، دەمانەوێت یاریزانان خۆیان بڕیار بدەن لەنێوان یاریکردن لەگەڵ ئێمە یان لەگەڵ تیپی تۆپی پێی 11 یاریزانی".
 
پیکێ، هەروەها گوتیشی "سەختترین شت ئەوەیە کە مێسی لە خولی شاکاندا بێت".
 
لەو هەڤپەیڤینەدا، پرسیارێکی سەیر لە پیکێ کرا، کە ئایا تاوەکو ئێستا راهێنەرێک راهێنەرایەتی کردووە کە هیچ بیرۆکەیەکی لەسەر تۆپی پێ بەبێت؟ جیرارد پیکێ، گوتی "بەڵێ"، بەبێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات. 
 
کاپتنی پێشووی بارسا، باسی ریال مەدریدیشی کرد و گوتی "سەرەڕای رکابەریی نێوانمان، ریال مەدرید یانەیەکی گەورەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە