لێدوانی فەرمی سەرۆکی بارسێلۆنا لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە

06-07-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی وەڵامی دەنگۆی گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر یونایتد بۆ یانەکەی دەداتەوە.

خوان لاپۆرتا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی ناساندنی فرانک کیسێدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دایەوە و گوتی " لەگەڵ خۆرخی مێندێز کۆبوومەوە، بەیەکەوە نانی ئێوارەمان خوارد، راستە باسی گواستنەوەی یاریزانانمان کردووە، ماتیۆ ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەڵام ناتوانم ناوی ئەو یاریزانانە بهێنم قسەمان لەبارەیەوە کردووە، هەمیشە کۆبوونەوە لەگەڵ خۆرخی مێندێز گرنگە بۆ ئەوەی بزانین لە بازاڕدا چی هەیە."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر گوتی " لە بەرژەوەندی ئێمە و بارسێلۆنادا نییە لەبارەی یاریزانەکانەوە قسەبکەین."
 
سەرۆکی یانە کەتەلۆنییەکە لەبارەی عوسمان دێمبێلی و داهاتووی یاریزانەکە قسەیکرد و گوتی " تاوەکو یاریزانەکە بەئێمە رازی بێت کارەکانی خۆمان دەکەین و دەرگای گفتوگۆ کراوەیە، بەڵام ئەگەر ئەو ئێمەی بەلاوە گرنگ نەبوو وازدەهێنین، ئەوەی دەربارەی دییۆنگیشە بەهەمان شێوە و بەڵام مەگەر هیچ بژاردەیەکمان نەمێنێت پاشان پەنا ببەینە بەر فرۆشتنی ئەو یاریزانە."
 
خوان لاپۆرتا پەیامێکی ئاراستەی هاندەرانی بارسیلۆنا کرد و گوتی " پەیامی من بۆ هاندەران ئەوەیە متمانەیان بەو کارە هەبێت کە ئێمە دەیکەین."
 
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی بارسێلۆنا دەڵێت " دەمانەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی هەموو ئەو نازناوانە بکەین کە تێیدا بەشدارین."
 
قسەکانی خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی رۆناڵدۆ و چەند یاریزانێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی بارسا کۆبووەوە، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ناوی رۆناڵدۆ بە یانەی بارسێلۆناوە ببەسترێتەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە داوای رۆیشتن لە مانچێستەر یونایتد دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە