دیماریا و پۆگبا دەبنە یاریزانی یوڤێنتوس

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی گواستنەوەی دوو یاریزانی یەکلاکردووەتەوە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکان ماوە.
 
میدیای ئیتاڵیا دەڵێت" کارگێڕیی یانەی یوڤێنتوس گواستنەوەی ئانخێل دیماریا، ئەستێرەی ئەرجەنتین و پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی یەکلاکردووەتەوە و یاریزانەکە بێبەرامبەر دەباتە یانەکەی."
 
بەپێی زانیارییەکانی فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی تایبەت بە گواستنەوەی یاریزانان، رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ دیماریا کراوە، یاریزانەکە هەفتەی داهاتوو لە ئیتاڵیا گرێبەستەکەی لەگەڵ خانمە پیرەکە واژۆدەکات و بۆ یەک وەرز دەبێت.
 
جگە لە دیماریا، پۆڵ پۆگبای فەرەنسی و ئەستێرەی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزیش دەبێتە یاریزانی یوڤێنتوس و بڕیارە رۆژی شەممە بگاتە تۆرینۆ بۆ ئەنجامدانی پشکنینە پزیشکییەکان و پەیوەندیکردن بە ریزەکانی خانمە پیرەکەوە.
 
دیماریا نایەوێت بگەڕێتەوە پرێمەرلیگ، سەرەڕای ئەوەی کە چەند یانەیەک داوای گرێبەستیان لە یاریزانەکە کردبوو، بەڵام ئەو دەیەوێت ئەزموونێکی دیکە لە ئیتاڵیا تاقیبکاتەوە.
 
یوڤێنتوس تاوەکو ئێستا هیچ گرێبەستێکی نەکردووە، کارگێڕیی یانەکە دەیەوێت گرێبەستی دیماریا و پۆگبا یەکلابکاتەوە، پاشان کار بۆ گواستنەوەی نیکۆلۆ زانیۆلۆ بکات کە میدیای ئیتاڵیا دەڵێت " ئەو یاریزانەش نزیکە پەیوەندی بە تیپەکەی ئالێگرییەوە بکات."