ڤینیسیۆس: باڵۆن دۆر دەبەمەوە

06-07-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جۆنیۆر باڵۆن دۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، پێیوایە بردنەوەی باڵۆن دۆر لە لایەن خۆیەوە تەنیا پرسی کاتە، دەشڵێت "سەرەتا ئامانجی ئەوەیە خۆی پەرەپێبدات، هەروەها بتوانێت ژمارەی نازناوەکانی چامپیۆنزلیگی هاوتای کەریم بنزیما و لۆکا مۆدریچ و مارسێلۆ لێبکات".
 
ڤینیسیۆس لە هەڤپەیڤینێکی تازەدا، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری دایەوە و گوتی  "بەڕاستی حەزم لە ئەنجامدانی هەڤپەیڤینی زۆر نییە، زۆر بێزارم دەکەن، چونکە هەمان پرسیارەکان دووبارە دەکەنەوە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "هەر جارێک سەیری گۆڵەکەم لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا دەکەمەوە هەست بە خۆشی دەکەم، پێموانییە لە جیهاندا شتێکی باشتر لەوە هەبێت".
 
سەبارەت بە ناکۆکییەکانی پێشووی لەگەڵ کەریم بنزیما، ئەستێرەی بەرازیلی روونیکردەوە "ئەوکاتە تەلەفۆنی بۆ کردم، و پێیگوتم، دەزانی کە من تۆم زۆر خۆش دەوێی، ئەوەی گوترا راست نەبوو، منیش باوەڕم پێی هەیە، من هەم سۆزێکی زۆرم بۆ ئەو هەیە". 
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ڤینی زیاتر باسی بنزیمای کرد و گوتی "بنزیما دەزانێت چۆن مامەڵەم لەگەڵ بکات، پێشتریش سەیری یارییکردنی ئەوم کردووە، زۆر سەرسامم پێی، هەروەها توانای من بۆ یاریکردن لەگەڵیدا باوەڕپێنەکراوە، ئەو بەمدواییە لە هەڤپەیڤینێکدا پەسنی منی داوە و بە یەکێک لە 5 باشترین یاریزانی جیهانی داناوم، بۆیە بەڕاستی دڵخۆشم".
 
سەبارەت بە ئەگەری بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆریش، ڤینی بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە "ئەوە شتێکە کاتی خۆی دێت، کەریم تەمەنی 35 ساڵە و ئێستا دەیباتەوە، مۆدریچ پێشتر لە تەمەنی 33 ساڵیدا خەڵاتی بردووەتەوە، منیش بەدەستی هێناوە، ساڵانێکی زۆرم لەپێشە بۆ گەشەکردن، ڕێگاکە زۆر درێژە ئەگەر خودا بیەوێت من بیبەمەوە."
 
لە درێژەی قسەکانیدا، جۆنیۆر گوتی "من حەزم لە هەڵسەنگاندنی خۆم نییە، ئەوە بۆ خەڵک جێدەهێڵم، بەڵام لەبیرت بێت لە یاری کۆتایی گۆڵێکم تۆمارکرد، لە قۆناخی پێش کۆتاییش گۆڵێکم تۆمارکرد، لە قۆناخی چارەکی کۆتاییش ئاسیستێکم کرد".
 
روونیشیكرده‌وه‌ "ته‌مه‌نم ته‌نیا 21 ساڵه‌، ده‌مه‌وێت له‌گه‌ڵ یاریزانانی وه‌ك كه‌ریم و مۆدریچ و مارسێلۆ هاوتاببمەوە، كه‌ پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگیان به‌ده‌ستهێناوه‌، ده‌مه‌وێت تا ده‌توانم لێیان نزیك ببمه‌وه‌".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە