ئیتاڵیا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020

رووداو دیجیتال

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا گەیشتە یاریی کۆتایی یۆرۆی 2020 دوای ئەوەی توانی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا بباتەوە.

لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی یۆرۆی 2020ـدا، هەردوو هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و ئیسپانیا لەسەر یاریگەی وێمبلی لە لەندەن رووبەڕووی یەکدی بوونە و دوای یارییەکی بەهێز، کە هەردوولا بە ئاستێکی بەرزەوە یارییان کرد، بە ئەنجامی 1 - 1 یەکسانبوون، دوای ئەوەی دوو گێمی زیادکراویش یارییان کرد، بەڵام لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا ئیتاڵییەکان 4 - 2 بردییانەوە.

ئیتاڵییەکان سەرەتا بە خۆپارێزی یارییان کرد و ئیسپانییەکان زیاتر گوشاریان خستە سەر گۆڵی جیانلویجی دۆنارووما، بەڵام دواتر ئیتاڵییەکانیش هاتنە نێو کەشی یارییەکە و هەردوو لا توانیان چەندجارێک هەڕشە لە گۆڵی یەکدی بکەن، بەڵام نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی یەکدی بهەژێنن و نیوەی یەکەم بە ئەنجامێکی سپی کۆتاییهات.

لە نیوەی دووەمدا، هەردوو تیپ سووربوون لەسەر گۆڵکردن، ئەگەرچی ئیسپانییەکان وەک سەرەتای نیوەی یەکەم بە گوشار خستنە سەر ئیتاڵییەکان دەستیانپێکرد، بەڵام ئازوورییەکان ئارام بوون و پەلەیان نەکرد، تاوەکو فێدریکۆ کیێزا لە خولەکی 60ـدا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئیتاڵیا تۆمارکرد.

یاریزانانی لارۆخا زۆر هەوڵیاندا، گۆڵی یەکسانبوون بەدەستبێنن و هەوڵەکانیان بێ ئەنجام نەبوون، کاتێک ئەلڤارۆ مۆراتا لە خولەکی 80ـدا توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ ئیسپانیا تۆماربکات.

کاتی یاسایی یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتاییهات و هەردوو تیپ پەنایان بردە بەر دوو گێمی زیادکراو، بەڵام کەسیان نەیانتوانی گۆڵی بردنەوە تۆماربکەن و پەنا برایە بەر لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، کە تێیدا دانی ئۆلمۆ و ئەلڤارۆ مۆراتا نەیانتوانی گۆڵ بکەن، سەرەڕای ئەوەی پێشتر مانوێل لۆکاتێلی یەکەم لێدانی ئیتاڵییەکانی لەدەستدا.

بەم ئەنجامە، هەڵبژاردەی ئیتاڵیا گەیشتە یاریی کۆتایی، کە بەرامبەر براوەی یاریی دووەمی پێشکۆتایی لەنێوان ئینگلتەرا و دانیمارک، لەسەر یاریگەی وێمبلی ئەنجام دەدات.