دوایین یاری گەڕی 33ـی پرێمەرلیگ بەڕێوەدەچێت

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ دوایین یاری گەڕی 33ـی خولی ئینگلیزی لە نێوان تۆتێنهام و ئێڤێرتۆندا بەڕێوەدەچێت.

یارییەکە کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان لە یاریگای تۆتێنهام بەڕێودەچێت.

لە تۆتێنهام ئەوەی کاریگەرە دێلی ئالی لەگەڵ تانگانایە، هەردووکیان پێکانیان هەیە و لە یارییەکەدا بەشداریناکەن.

لە ئێڤێرتۆنیش تیۆ واڵکۆت و فابیان دێلف بەهەمان شێوە پێکانیان هەیە و یاریناکەن.

پێش ئەم یارییەش راهێنەرانی هەردوو یانە قسەیان لەسەر یارییەکە کردووە، خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری تۆتێنهام ئاماژە بەوەدەکات، کە هەموو هەوڵێک بۆ بردنەوەی یارییەکە دەدەن، بۆ ئەوەی لە رکابەری بەدەستهێنانی بلیتێکی خولە ئەوروپییەکاندا بمێننەوە.

سەبارەت بە کارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری ئێڤێرتۆنیش سپێشەڵ وەن گوتی، کارلۆم ئەوەندە خۆشدەوێت ئامادەم یاساکانی خۆپارێزی بشکێنم و لەباوەشی بگرم.

ئانچیلۆتیش سەبارەت بە مۆرینیۆ گوتی، خۆسێ راهێنەرێکی گەورەیە و زۆر سەرسامم پێی چونکە زۆر بە باشی یارییەکان دەخوێنێتەوە.