داوای میشێل پلاتینی بۆ کەمکردنەوەی سزایەکەی رەتکرایەوە


رووداو - هەولێر

دادگای یەکگرتووی سویسرا، بەفەرمی داوای میشێل پلاتینی، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپای بۆ کەمکردنەوەی سزایەکەی کە بۆ ماوەی 4 ساڵ بەهۆی گەندەڵییەوە سڕکراوە رەتکردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگا وەڵامی داواکارییەکەی ئەو یاریزانەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا و سەرۆکی پێشووی یوێفای دایەوە و رەتیکردەوە سزای سەری کەمبکاتەوە.

دوای ئەوەی هەریەکە لە میشێل پلاتینی و جۆزێف سیپ بلاتەر، سەرۆکی پێشووی فیفا بەهۆی گەندەڵییەوە بۆ شەش ساڵ لە هەموو چالاکییەک سڕکران، دواتر سزایەکەیان بۆ 4 ساڵ کەمکرایەوە، ئێستاش پلاتینی لە هەوڵدایە ئەو سزایەشی بۆ کەمبکرێتەوە.