داوای دەرکردنی ناسر خلێفی دەکرێت لە پاریس

 
ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رووبەڕووی هێرشێکی تووند بووەوە لەلایەن هاندەرانی یانەکەی، دوای لێدوانەکانی کیلیان ئێمباپێ بۆ رۆژنامەڤانان، لەبارەی ژیانی خۆی لە دوا مانگەکانی مانەوەی لە سانجێرمان.
 
دوای ئەوەی ئێمباپێ بە فەرمی پەیوەندی کرد بە یانەی ریال مەدرید و کۆتایی بەمانەوەی لە سانجێرمان هێنا، ئاشکرایکرد کە لە دوایین یارییەکانی ئەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی کێشەی بۆ دروستکراوە و ئەگەر لویس کامپۆس بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە و لویس ئینریکێی راهێنەر نەبوونایە، نەیاندەهێشت چیدی بەدرێسی یانەکەوە یاریی بکات.
 
کیلیان باسی لە ئەوە کرد کە سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان پێی راگەیاندبوو کە تا کۆتایی وەرز سڕدەکرێیت و یاریی ناکەیت.
 
رۆژنامەڤانی فەرەنسی دانێل ریولو بە تووندی هێرشی کردە سەر ناسڕ خلێفی و بە هۆکاری شکستی یانەی پاریس ناویبرد و داوایکرد لە سەرۆکایەتیکردنی یانەی پاریس سانجێرمان دووربخرێتەوە.
 
ئەو رۆژنامەڤانە زیاتر دەڵێ، خلێفی شایستەی ئەوە نییە ببێت بە سەرۆکی یانەیەکی گەورەی وەک سانجێرمان و شکستی هێنا لەم وەرزەدا، راستە خولی فەرەنسای بردەوە، بەڵام ئەگەر هەڵەی کارگێڕی نەبوویە دەکرا پاریس لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بێت، تەنانەت دەکرا چامپیۆنزلیگیش بباتەوە.
 
دانێل لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێت، هەموو ئەو ئەستێرانەی کە لە پاریس رۆیشتن ئێستا لەگەڵ ئەو نێوانیان تێکچووە، ئەو وای بە ئێمە نیشاندا کە کیلیان پیاوێکی خراپە، بەڵام ئەی تیاگۆ سیلڤا؟ ئەی کاڤانی هەموو ئەمانە خراپبوون؟ نازانم کەی ئێمە لەوە تێدەگەین کە هۆکاری هەموو خراپییەکان لەم یانەیە ناسڕە و ئەو بەرپرسی یەکەمی ئەنجامە خراپەکانی ئەم یانەیە.
 
ناسڕ خلێفی خەڵکی قەتەرە و 13 ساڵە سەرۆکی یانەی پاریس سان جێرمانە، لە سەردەمی ئەودا یانەکە 33 نازناوی بردووەتەوە لە ناوخۆی فەرەنسا، لە کۆی 49 نازناوی مێژووی یانەکە، بەڵام یانەکە سەرکەوتوو نەبووە لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ سەرەڕای ئەوەی ملیاران دۆلاریان لە یانەکەدا خەرجکردووە.