ڤیدیۆ؛ هەڵبژاردەی عێراق سەرکەوتنێکی دیکەی بەدەستهێنا

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق، لە گەڕی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی دووانەی ئاسیا بۆ جامی جیهانی 2026 و جامی ئاسیا 2027، لە هاوتا ئیندۆنیزییەکەی بردەوە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر و شوێنی خۆی لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان بەهێزترکرد.
 
لەو یارییەدا کە بووە میوانی هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا، هەڵبژاردەی عێراق دوای ئەوەی نەیتوانی لە نیوەی یەکەمدا گۆڵ تۆمار بکات، لە نیوەی دووەمدا دوو گۆڵی تۆمارکرد.
 
هەڵبژاردەی عێراق لە خولەکی 54 بە گۆڵێک کە ئەیمەن حوسێن بە لێدانی سزا تۆماری کرد، پێشکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لە خولەکی 59 تیپی خاوەن یاریگە ناچاربوو بە 10 یاریزان یارییەکە تەواوبکات، دوای ئەوەی ناوبژیوان بە کارتی سوور جۆردی ئاماتی کاپتنی هەڵبژاردەکەی دەرکرد، پاش ئەوەی بەئەنقەست رێگری لە دەرچوونێکی یوسف ئەمینی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقی کرد، کە بەتەنیا لەگەڵ گۆڵپارێز دەمایەوە.
 
عێراقییەکان بەردەوام بوون لەسەر هێرشەکانیان و دەیانویست گۆڵی دووەم و دڵنیابوون تۆمار بکەن و دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا، کاتێک ناوبژیوان لێدانێکی دیکەی سزای بۆ هەژمارکردن، بەڵام ئەمجارە ئەیمەن حوسێن لە خولەکی 74 سەرکەوتوو نەبوو لە جێبەجێکردنی و نەیتوانی گۆڵ بکات.
 
بەڵام دواتر لە خولەکی 88 عەلی جاسم سوودی لە هەڵەیەکی زەقی گۆڵپارێزی ئیندۆنیزیا وەرگرت و گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد، کە یارییەکە دوو بە هیچ تەواوبوو.
 
بەم بردنەوەیە هەڵبژاردەی عێراق بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ شوێنی خۆی لە پێشەنگی  کۆمەڵەی شەشەم بەهێزترکرد، بەجیاوازی 8 خاڵ لەگەڵ ئیندۆنیزیای دووەم.
 
ڤێتنام بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ پلەی سێیەمی کۆمەڵەکەی گرتووە، هەروەها فلیپین، بە یەک خاڵ لە کۆتایی ریزبەندییەکەدایە.