نەیمار لە قافا گیرا

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی هیلالی سعودی، جارێکی دیکە لە قافا گیرا و ئەمجارە لە ئابڕووچوونێکی نوێدا ئاشکرابوو کە نامەی بۆ کچە هاوڕێی بۆکسێنەرێکی بەنێوبانگ ناردووە.
 
نەیمار، ئەستێرەی یانەی هیلالی سعودی، لە رێگەی ئینستاگرامەوە نامەی بۆ  خۆشەویستەکەی برایس هۆڵی یاریزانی بۆکسێن ناردووە، ئەو کارەی ئاشکرابووە و برایس وێنە و ڤیدیۆی نامەکانی نەیماری بڵاوکردووەتەوە.
 
نەیمار لە دوایین گواستنەوەی هاوینەدا لە پاریس سانجێرمانەوە رووی لە یانەی هیلال کرد و بە بڕی 90 ملیۆن یۆرۆ بووە یاریزانی ئەو یانەیە، ئەگەرچی بەهۆی تووشبوونی بە پێکانێکی قورس تەنیا بەشداری لە 5 یاری لەگەڵ هیلالدا کردووە.
 
ئەو بۆکسێنەرە تەمەن 24 ساڵە لە پلاتفۆرمی “X” وێنەیەکی ئەو پەیامەی بڵاوکردەوە کە نەیمار لە رێگەی ئەکاونتی خۆیەوە بۆ دۆستەکەی ناردبووی و دەڵێت "نەیمار چەند نامەیەکی بۆ خۆشەویستەکەم ناردووە، لەوانەیە تەنیا ویستبێتی بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەودا یاری تۆپی پێ لەگەڵ من بکات، بەڵام نازانم..".
 
هەروەها برایس هۆڵ وێنەیەکی پەیامەکەی نەیماری هاوپێچ کردووە بۆ خۆشەویستەکەی میکایلا لافونتێ، جگە لە وێنەیەکی دیکەی برۆنا بیانکاردی خۆشەویستەکەی نەیمار و کچەکەیان.
 
برایس هۆڵ تووڕەیی خۆی لە خاوەنی “X”، ئیلۆن ماسک نیشاندا، دوای ئەوەی تویتەکەی بە ساختە و ناڕاستەقینە زانی، بۆیە ئەو بۆکسێنەرە گەنجە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەو ئەکاونتە، کە نامەی بۆ خۆشەویستەکەی ناردووە، ئەکاونتی راستەقینەی نەیمارە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، چۆن نەیمار وای لە ئیلۆن ماسک کردووە پێیوابێت کە ئەو تویتە ناڕاستەقینەیە، ئایا ئیلۆن هاندەری تۆپی پێیە؟
 
پێشتر نەیمار لە برۆنای خۆشەویستەکەی جیابووەتەوە، بەڵام بەم دواییە لە سعودیە لەگەڵیدا بینرا، لەکاتی ئاهەنگگێڕانەکەی لەگەڵ هیلال بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی خولی رۆشن، کە پێدەچێت پەیوەندی نێوانیان گەڕابێتەوە بۆ باشتر.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕی sportsgrail، ئەو کچە ئەرجەنتینییەی نەیمار نامەنووسی لەگەڵدا کردووە، کەسێکی بەنێوبانگە لە سۆشیال میدیا، بەو پێیەی زیاتر لە ملیۆنێک فۆڵۆوەرسی هەیە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام.
 
ئەو خانمە تەمەن 21 ساڵە لە پەیجی تیک تۆکدا زیاتر لە 3 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە.