ڤیدیۆ؛ یاریزانانی کرواتیا سوپرایزێک بۆ مۆدریچی کاپتنیان دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

یاریزانانی هەڵبژاردەی کرواتیا بە کێکێک پێشوازی لە لۆکا مۆدریچی کاپتنیان کرد بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی بردنەوەی شەشەمین نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
مۆدریچ لە کەمپی ریجیکا پەیوەندی بە تیپەکەیەوە کرد، دوای ئەوەی شەممەی رابردوو لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی بروسیا دۆرتمۆندی بردەوە.
 
مۆدریچ ئێستا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی کرواتیا بکات لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2024 کە پێدەچێت دوا پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی بێت بۆ ئەو ئەفسانەیە.
 
کرواتیا لە 15ـی حوزەیران لە یاریی یەکەمی کۆمەڵەی دوو لە بەرلین رووبەڕووی ئیسپانیا دەبێتەوە، پێش ئەوەی لە هامبۆرگ بەرامبەر ئەلبانیا یاری بکات و دواتر لە لایپزیگ رووبەڕووی ئیتاڵیای پاڵەوانی ئەوروپا ببنەوە.
 
لوکا مۆدریچ، کاپتنی هەڵبژاردەی کرواتیا، بەو بۆنەوەیەوە رایگەیاند "سوپاس بۆ هەمووان، بۆ پیرۆزباییەکان، بەڵام منیش پیرۆزبایی وەرزێکی نایاب لە هەمووان دەکەم، دەبێت سەیری ئەوە بکەین کە چی لە پێشمانە، پاڵەوانێتی ئەوروپا. دەبێت ئەو یەکڕیزییە نیشان بدەین کە هەمیشە جیامان دەکاتەوە، بەتایبەتی لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا. دەبێت وەک خێزانێک بین، وەک چۆن تاوەکو ئێستا بووین، باشترینمان پێشکێش بکەین، و باوەڕمان هەبێت، چونکە کوالیتیمان هەیە، بەو شێوەیە دەتوانین کاری گەورە بکەین".