ریال مەدرید عاشقی جەلادەکەی بووە

06-06-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ساموێل چوکوێزی یانەی ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید بایەخ بە گرێبەستکردن لەگەڵ یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی خولی ئیسپانی دەدات، لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی شاهانە پرسیاری لەبارەی ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ ساموێل چوکوێزی، هێرشبەری یانەی ڤیاریال کردووە.
 
چوکوێزی، لە وەرزی ئەمساڵدا سەرنجی میدیاکانی بۆخۆی راکێشاوە، پاشئەوەی لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید دوو گۆڵی تۆمارکرد و پێشەوایەتیی ڤیاریالی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر ریال مەدرید 3 - 2 لە خولی ئیسپانیا.
 
گرێبەستی چوکوێزی لە هاوینی 2024دا کۆتایی دێت، لەبەرئەوە ڤیاریال هەوڵدەدات لە هاوینی ئەمساڵدا بیفرۆشێت و سوود لە چوونە دەرەوەی وەربگرێت کە پێشبینیکراوە بەنزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ ئەو یاریزانە لە یانەکە بڕوات.
 
هەرچەندە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی چوکوێزی 80 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام نزیکبوونەوەی وادەی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکە، وا دەکات ڤیاریال بە نیوەی بەهای یاریزانەکە رازی ببێت.
 
ریال مەدرید کار بۆ رێکخستنەوە و بەهێزکردنی پێکهاتەکەی دەکات، پاشئەوەی لە ماوەی رابردوودا هەریەکە لە مارکۆ ئاسێنسیۆ، کەریم بنزیما، ماریانۆ دیاز و ئیدین هازاردی بەڕێکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە