راهێنەر و یاریزانانی ئینتەرمیلان بۆ بردنەوە لە مانچێستەر سیتی گەشبینن

06-06-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئینتەرمیلان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، زۆر بە چڕی دەستی بە مەشقەکانی کردووە، بۆ خۆئامادەکردن بە باشترین شێوە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە بڕیارە رۆژی 10ـی ئەم مانگە لە ئیستەنبوڵ رووبەڕووی مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی ببێتەوە.
 
راهێنەر و یاریزانانی ئینتەرمیلان بۆ بردنەوە لە مانچێستەر سیتی گەشبینن و دەڵێن "مان سیتی تیپێکی بەهێزە، بەڵام ئێمەش تیپێکی گەورەین و متمانەمان بە تواناکانمان هەیە".
 
ئەمە پوختەی قسەکانی راهێنەر، گۆڵپارێز و یاریزانێکی ئیتەرمیلانە:
 
سیمۆن ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان:
 
ئەوان تیپێکی زۆر تەواون، چ لە رووی تەکتیکی و چ لە رووی جەستەییەوە، یاریی تۆپی پێ بەشێوەیەکی زۆر باش دەکەن، هەروەها بەباشی کۆنترۆڵی تۆپ دەکەن و بە چڕی و پڕی هێرش دەکەن، خاڵی لاوازی زۆریان نییە، بەڵام ئەوەی بەرامبەریانە ئینتەرە کە بەهەمانشێوە ئەوان لە جۆرە پاڵەوانێتییانەدا چەندینجار تاقیکراوەتەوە. دەبێت ئێمە بوێری ئەوەمان هەبێت هەندێک کۆنترۆلی تۆپ بکەین و هەر سانتیمەترێک لە یاریگەدا داپۆشین.
 
هێنریک مخیتاریان، یاریزانی یانەی ئینتەرمیلان:
 
من باشم، هەوڵدەدەم بەخێرایی چاک ببمەوە، چوار رۆژی ماوە بۆ یارییەکە، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی پەیوەندی بە تیپەکەوە بکەم و یارمەتی هاوڕێیانم بدەم لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
من ئامۆژگاری بە هیچ کام لە هاوڕێکانم نادەم، چونکە هەر یەکێکیان بەشێوەیەکی جیاواز خۆی ئامادە دەکات، تەنیا شتێک کە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە دەبێت باوەڕمان بەخۆمان هەبێت و هەموو هەوڵێک بدەین، دەزانین کە رووبەڕووی تیپێکی زۆر بەهێز دەبینەوە. بەڵام تیپەکەشمان بەهێزە و بە رێککەوت سەرنەکەوتووین بۆ یاریی کۆتایی. ئێمە شایەنی ئەوەین لە یاریی کۆتاییدا یاری بکەین، لە کۆتاییدا دەبێت رووبەڕووی یەکدی ببینەوە بۆ ئەوەی یارییەکە یەکلایی بکەینەوە.
 
ئاندرێ ئۆنانا، گۆڵپارێزی یانەی ئینتەرمیلان:
 
بە ساتێکی زۆر باشدا تێدەپەڕم، زۆر دڵخۆشم، هەست بەدڵنیایی دەکەم و هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە یارییەکی تایبەت و جیاوازمان لەپێشە. لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا یاری دەکەین، ئەمە دەرفەتێکی کە لەوانەیە لە ژیانتدا یەکجار بۆت بڕەخسێت، بۆیە دەبێت بە باشترین شێوە خۆمانی بۆ ئامادە بکەین. هیچ گوشارێکمان لەسەر نییە. دەبێت بە ئاسوودەیی یاری بکەین، بەڵێ بە ئاسوودەیی، چونکە رووبەڕووی رکابەرێکی زۆر بەهێز دەبینەوە. هیچمان نییە لەدەستی بدەین، بۆیە هیچ گوشارێکمان  لەسەر نییە، لە کاتێکدا مانچێستەر سیتی گوشاری زیاترە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە