تۆتێنهام راهێنەری نوێی دەستنیشانکرد

رووداو دیجیتاڵ

یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی، گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ راگەیاند، کە پێشتر هیچ ئەزموونێکی لە پرێمەرلیگدا نییە.
 
یانە لەندەنییەکە بەفەرمی گرێبەستێکی چوار ساڵی، لەگەڵ ئانجێ پۆستێکۆگلۆی راهێنەری ئوسترالی واژۆکرد، کە بڕیارە تاوەکو هاوینی 2027 وەک راهێنەری نوێی یانەکە دەستبەکاربێت.
 
تۆتێنهام لە وەرزی رابردووی پرێمەرلیگدا بە ئاستێکی خراپ دەرکەوت، کە لە کۆتاییدا بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ لە پلەی هەشتەمی ریزبەندیدا بوو، بەمەش ناتوانێت بەشداری لە هیچ پاڵەوانێتییەکی ئەوروپیدا بکات.
 
ئەمە یەکەم ئەزموونە بۆ پۆستێکۆگلۆی تەمەن 57 ساڵ لە خولی نایابی ئینگلیزیدا، کە لە وەرزی 2022-2023 سەرکردایەتی یانەی سێڵتیکی سکۆتلەندی کردووە و لەگەڵیدا سێ نازناوەکەی بەدەستهێناوە، خولی سکۆتلەندی، جامی سکۆتلەندا و جامی دەستەی یانەکانی ئەو وڵاتە.
 
دانیال لیڤی، سەرۆکی یانەی تۆتێنهام، لەبارەی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی یانەکەی گوتی "ئێستا کە وەرزەکە و سەرجەم خولەکانی ناوخۆیی کۆتایی هات، خۆشحاڵین بە دەستنیشانکردنی ئانجێ پۆستێکۆگلۆ وەک راهێنەری نوێی تیپی یەکەممان. ئەنجی دەبێتە یەکەم ئوسترالی کە لە خولی نایابی ئینگلیزیدا راهێنەرایەتی بکات، رۆژی 1ـی تەمموز پەیوەندیمان پێوە دەکات بە گرێبەستێکی چوار ساڵە".
 
دانیال لیڤی، پەسنی ئەنجێ دا و گوتی "ئەو عەقڵیەتێکی ئەرێنی هەیە و شێوازێکی خێرا و هێرشبەرانەی یاریکردن بەکاردەهێنێت. پێشینەیەکی باشی هەیە لە پەرەپێدانی یاریزانان و تێگەیشتن لە گرنگی  ئەکادیمیا، هەموو ئەو شتانەی کە گرنگن بۆ یانەکەمان".