بارسا و ئاتلێتیکۆ دوو یاریزان ئاڵوگۆڕ دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کاری یاریزانان، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی دەستەوارەیەکی ئاڵوگۆڕی یاریزانانە لە نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە کە مێندێز دەیەوێت لە رۆژانی نزیکی داهاتوودا دەستەوارەکە یەکلابکاتەوە و سەرقاڵی میانگیرییە لە نێوان هەردوو یانەدا. بەپێی میدیاکان مێندێز کار لەسەر گواستنەوەی ئانسۆ فاتی لە بارسێلۆناوە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، لە بەرامبەر گواستنەوەی جواو فیلێکس لە ئاتلێتیکۆوە بۆ بارسێلۆنا.
 
مێندێز دەیەوێت هەلی سەرسامبوونی چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا بە تواناکانی جواو فیلێکس بقۆزێتەوە، ئەمە جیا لەوەی کە ئەو یاریزانە لەگەڵ شێوازی یارییکردنی بارسادا دەگونجێت.
 
لە بەرامبەردا، دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بەتواناکانی ئانسۆ فاتی سەرسامە و پێشوازی لە یارییکردنی دەکات لە یانەکەیدا، بەتایبەت کە ئەو راهێنەرە پێیوایە دەتوانێت لە چەندین شوێنی جیاوازدا، سوود لە تواناکانی فاتی وەربگرێت.
 
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، تاکە رێگەی نزیک لە جێبەجێکردن بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە، گۆڕینەوەی یاریزانانی نێوان هەردوو یانەیە و ئاڵوگۆڕەکەش بەشێوەی خواستن دەبێت.
 
ئەوەی وەک رێگر لەبەردەم دەستەوارەکەدا ماوەتەوە، مووچەی فیلێکسە، چونکە بارسا بەهۆی کێشە داراییەکانییەوە، ناتوانێ بەئاسانی ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانییەوە، هەر بۆیە مێندێز کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەکات.
 
فاتی ئەگەرچی بەیەکێک لە بەهرەمەندەکانی بارسێلۆنا دادەنرێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا نەبووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی تیپەکەدا و هاندەرانی بارسا ئومێد دەکەن، یانەکە ئەو یاریزانە بفرۆشێت، بۆ ئەوەی رێگە بۆ گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەکە خۆش ببێت.