چارەنووسە تەمومژاوییەکە مێسی بەرەو کوێ دەبات؟


رووداو دیجیتاڵ

لە دوای بەدەستهێنانی جۆرێک لە دڵنیایی و بڵاوبوونەوەی دەنگۆکانی رازیبوونی دەستەی لالیگا، بەپڕۆژەی خۆرێکخستنەوەی ئابووریی یانەی بارسێلۆنا، دوێنێ هەنگاوە کردەنییەکان بە ئاراستەی گرێبەستکردنی یانەکە لەگەڵ لیۆنێل مێسی، دەستیان پێکرد.
 
هەواڵی رێکەوتنی لالیگا و بارسا، گۆمی بێدەنگی ئەگەرەکانی گەڕانەوەی لیۆی بۆ کەتەلۆنیا شڵەقاند و هەرزوو لەناکاو، خۆرخی مێسی کە هاوکات بەڕێوەبەری کارەکانێتی، لەبەردەم ماڵەکەی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنادا بینرا و پاش کۆبوونەوەیەکی کورت، کەبەپێی سەرچاوەکان 45 خولەکی خایاندووە، باوکی مێسی بەهەوڵدان بۆ خۆدزینەوە لە رۆژنامەڤانان لە ڤێلاکەی لاپۆرتا هاتە دەرەوە..
 
رۆژنامەڤانەکان لە باوکی مێسی ئاڵان و دایانە بەر پرسیار لەبارەی چارەنووسی کوڕەکەیەوە، بەڵام ئەو دیپلۆماسییانە و دوور لە دڵنیایی، بە وەڵامی کورت و ناڕوون، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
 
باوکی مێسی تەنیا ئەوەی ئاشکرا کرد کە مێسی حەزدەکات بگەڕێتەوە بۆ بارسێلۆنا و ماڵباتەکەشی هەمان بۆچوونیان هەیە. باوکی مێسی لەبارەی ئەگەری روودانی گەڕانەوەکەوە، گوتی بەڵێ دەکرێ ئەوە رووبدات.
 
قسەکانی باوکی مێسی، گەشبینییان لە بارسادا بۆ گەڕانەوەی مێسی بەرەو سەربرد.. قسەکانی باوکی مێسی، هەوادارانی یانەکەی گەیاندە سەر ئەو باوەڕەی کە ئیدی هەموو شت بەئاراستەی ئەوەیە کە مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا.. بەڵام ئەو گەشبینییانە زۆریان نەخایاند و کاژێرەکانی دواتر، دۆخەکە بەتەواوی گۆڕا.
 
ئەوەی لە پاش دامرکانەوەی شەپۆلەکانی سەرسامبوون بە قسەکانی باوکی مێسی هاتنە ئاراوە، ئەوەبوو کە میدیاکان گوتیان دۆخەکە بەو رادە گەشبینییە گەورەیە نییە و هێشتا هیچ رووینەداوە، چونکە رێگەکەی بەردەمی بارسا بۆ گێڕانەوەی مێسی تەخت نەبووە و هێشتا زۆر هەنگاوی دیکە ماوە کە دەبێ یانەکە لەپێناو بەدەستهێنانەوەی مێسیدا بیان نێت.
 
میدیاکان دەڵێن هێشتا بارسیلۆنا پێویستی بەهەنگاوی دیکەی کردەنی هەیە لەپێناو رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی مێسی، بەتایبەت فرۆشتنی یاریزانان.
 
دەمەو ئێوارەی دوێنێ، جارێکی دیکە گومانەکان سەریانهەڵدایەوە، بەتایبەت کە بەپێچەوانەی پێشبینیکراوەوە هیچ راگەیەنراو یان هەواڵێکی فەرمی نە لەلایەن بارسا و نە لەلایەن مێسی و ماڵباتەکەیەوە دەرنەچوو، بۆ روونکردنەوەی داهاتووی ئەفسانە ئەرجەنتینییەکە و ئیدی دۆخەکە گەڕایەوە خاڵی سفر.
 
لە شەودا، ئاراستەکە پێچەوانە بووەوە، بەپێچەوانەی ئەو هەواڵانەی باسیان لە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسا دەکرد، هەندێک لێدوان لەسەر زاری باوکی مێسییەوە لە نێو یەکێک لە رێستورانتەکانی بارسێلۆناوە بڵاوبوونەوە، کە ئەگەری گەڕانەوەی مێسییان بۆ بارسا دوور و دوورتر دەخستەوە.
 
ئەوەی لەسەر زاری باوکی مێسییەوە بووە ترێندی سۆشیال میدیای جیهان، ئەوەیە کە گەڕانەوەی مێسی بۆ بارسا دوورە، چونکە هەرچەندە هیچ شتێک کۆتایی نەهاتووە، بەڵام گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا زەحمەتە.
 
چیرۆکی رۆژێکی لێوانلێو لە پرسیار و گومان.. دڵخۆشیی ئەم بەرەیە و دڵتووندبوونی بەرەکەی دیکە و پێچەوانە بوونەوەی هەستی دڵەکان، بەو لێدوانە تەمومژاویی و نادیارانە کۆتاییان هات.. ئەمڕۆ کە رۆژێکی نوێیە و رۆژێکی دیکە دەستیپێکردووەتەوە، رۆژێک کە هەندێک هەموو تێیدا لەسەرئەوە کۆکن، هەنگاوێکی دیکە لەوەمان نزیکدەکاتەوە، بزانین مێسی دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا، یان بەیەکجاری روو لە سعودیە دەکات.