راهێنەری ئینتەرمیلان: گواردیۆلا باشترین راهێنەری جیهانە


رووداو دیجیتاڵ

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، پەسنی تواناکانی پێپ گواردیۆلا، راهێنەری مانچێستەر سیتی دا و گوتی پێپ باشترین راهێنەری ئێستای جیهانە.
 
هەردوو راهێنەر رۆژی 10ی ئەم مانگە، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان ئینتەرمیلان و مانچێستەر سیتی، لەسەر یاریگەی ئەتاتورک، لە ئیستەنبوڵی تورکیا بەیەکدەگەن.
 
ئینزاگی کە سەرپەرشتی مەشقی یانەکەی کرد بەرلەوەی بەرەو تورکیا بەڕێ بکەوێت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "بەبڕوای من گواردیۆلا باشترین راهێنەری جیهانە. هەموو کات ئەوەم گوتووە و دووبارەش دەیڵێمەوە، چونکە ئەو قۆناخێکی تایبەت بەخۆی لە مێژووی تۆپی پێی نوێدا دروستکردووە".
 
ئینزاگی زیاتر دەڵێ، "دەکرێ تۆپی پێی هاوچەرخ بەسەر قۆناخی پێش گواردیۆلا و دوای گواردیۆلادا دابەشدەبێت".
 
لەبارەی یارییەکەوە، راهێنەری ئینتەرمیلان دەڵێ، دەزانین کە رووبەڕووی باشترین تیپی جیهان دەبینەوە.
 
هەر لەبارەی یارییەکەوە، فیدریکۆ دیمارکۆ، بەرگریکەری یانەی ئینتەرمیلان پێیوایە یانەکەی شایستەی ئەوەیە کە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بێت. ئەو بەرگریکەرە پێیوایە تەنانەت دەکرێ هەلی سەرکەوتنی تیپەکەی زیاتر بێت، چونکە سیتی گوشاری زۆری لەسەرە لەبەرئەوەی یەکەم نازناوی خۆی لە پاڵەوانێتییەکەدا دەوێت.
 
دیمارکۆ دەڵێ، یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، خەونە بۆ ئینتەرمیلان، لە کاتێکدا بۆ مان سیتی لە خەون گەورەترە و هەر ئەوەش وا دەکات ئەوان گوشاری زۆریان لەسەر بێت.