رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، ئێلکان گۆندۆگان، یاریزانی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی، رووگەی داهاتووی خۆی و چارەنووسی خۆی لە دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە یەکلاکردووەتەوە.
میدیای ئەڵمانیا گوتوویانە، گۆندۆگانی 32 ساڵ، بڕیاریداوە لە دوای سیتی، یاریی بۆ یانەی بارسێلۆنا بکات، ئاماژەیان بەوەداوە کە خێزانەکەی ئەو یاریزانە رازین بەوەی بۆ چەند ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کەتەلۆنیا بژین.
بەپێی قسەی میدیاکان، گۆندۆگان سێ وەرزی داهاتوو لە بارسێلۆنا دەبێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، بڕیارەکەی گۆندۆگان رێگرییەکی لەبەردەمدایە بەهۆی ئەوەی کە بارسێلۆنا ناتوانێ بەهۆی یاسای بنمیچی مووچەوە ئەو یاریزانە لە لیستی پێکهاتەکەیدا تۆمار بکات.
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، بەهەمان شێوە ویستی ئەوەی هەیە ئەو یاریزانە بگێڕێتەوە ریزەکانی. پێشتر ئێلکای لە نێوان 2011 تاوەکو 2016 لە دۆرتمۆند یاریی کردووە، بەرلەوەی روو لە ئینگلتەرا بکات.
گرێبەستی گۆندۆگان لە کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵدا تەواو دەبێت و بەهای ئەو یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەدا، 25 ملیۆن یۆرۆیە.
گۆندۆگان ئەمساڵ رۆڵێکی گەورەی لە تیپەکەدا هەبوو، بەتایبەت لە بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ و گەیشتن بە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا و بردنەوەی نازناوی جامی ئەی ئێف کەپ لە مانچێستەر یونایتد کە تێیدا دوو گۆڵی یانەکەی تۆمارکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ