دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت کاتانیچ بگەڕێنێتەوە عێراق

06-06-2020
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن سریچکۆ کاتانیچ هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-

رووداو - هەولێر 

یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیا وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە ئۆڵۆمپیادی قەتەڕ 2022  لەگەڵ پاڵاوتنەکانی جامی نەتووەکانی ئاسیا کە بڕیارە لە 2023 لە چین بەڕێوەبچێت دیاری کرد.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا وایکرد سەرجەم یارییە نێودەوڵەتییەکان بوەستێت، هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال پێشەنگی کۆمەڵەی سێیەمە و ململانێی هەڵبژاردەکانی بەحرەین، ئێران، هۆنگ کۆنگ لەگەڵ کەمبودیا دەکات.

بەپێی خشتە نوێیەکەی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیا، هەڵبژاردەی عێراق لە رۆژی 13ی مانگی دەی داهاتوو یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ دەکات، هەروەها رۆژی 12ی مانگی یازدە میوانداری هەڵبژاردەی کەمبودیا دەکات، دوای پێنج رۆژ یاری لوتکە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران دەکات.

نوسینگەی راگەیاندنی دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لێدوانێکی فەرمی سریچکۆ کاتانیچی ئەمڕۆ شەممەبڵاوکردەوە، راهێنەرە سلۆڤینییەکە دەڵێت" بەهۆی بەڕێوەنەچوونی یارییەکانی خولی نایابی عێراق و دانیشتنی یاریزانەکان لە ماڵەوە، دەبێت بتوانین یاریی نێودەوڵەتی و ئامادەکاریی و ماندوێتییەکی زیاتر بکەین لە پێناو پارێزگاری کردن لە پێشەنگی ریزبەندی".

دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بەشێوەکی بەردەوام لەگەڵ کاتانیچ لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بتوانن جارێکی دیکە هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەکی باش ئامادە بکەن بۆ یارییەکانی پاڵاوتنەکان.

ئەیاد بنیان، سەرۆکی دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، روونیکردەوە "بەردەوام پەیوەندی بە کاتانیچەوە دەکەم و چاوەڕوانی کردنەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانین، لەبەرئەوەی باشترین بژاردە ئێستا ئەوەی کاتانیچ لە عێراق بێت و راهێنان دەست پێ بکەین".

هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، تەنیا جارێک بەشداری لە یارییەکانی مۆندیالدا کردووە، ئەویش لە مۆندیالی 1986ی مەکسیک کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە