رۆبێرتۆ کارلۆس: رۆناڵدۆی دیاردە باشترینی مێژووە و کەس لەو ناچێت

رووداو - هەولێر

رۆبێرتۆ کارلۆسی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەرازیل، پێیوایە رۆناڵدۆ نازاریۆ دالیما، باشترین یاریزانی مێژووە.

کارلۆس و رۆناڵدۆ پێکەوە لە ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەرازیل یارییان کردووە و بە دوو هاوڕێی نزیکی یەکدی دادەنرێن.

کارلۆس لە لێدوانێکدا دەڵێ هاتنی رۆناڵدۆ بۆ ریال مەدرید رووداوێکی خۆشبوو، ئەوکات هەمووان چاوەڕێی ئەویان دەکرد تا بەبەرزترین ئاستەوە دەربکەوێت.

رۆناڵدۆ لەگەڵ ریال مەدرید بەئاستێکی باشەوە دەرکەوت، بەڵام بەبەراورد بەبوونی ژمارەیەکی ئەستێرە لە ریزەکانی ئەوکاتی ریال مەدرید، دەستکەوت و نازناوەکانی ئەو ئەستێرانە کەمبوون، بەتایبەت لە یانەکە ئەو ساڵانە نەیتوانی نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە.

کارلۆس زیاتر دەڵێ: ئەوکات هەندێک گومان لەسەر رۆناڵدۆ هەبوو، بەتایبەت کە ئەو لە پێکان گەڕابووەوە، بەڵام ئەو نموونەیی دەرکەوت و پێکەوە مێژوومان نووسییەوە.
ئەو زیاتر دەڵێ بەلای منەوە، رۆناڵدۆ باشترین یاریزانی مێژووە، هیچ کەس وەک ئەو نابێت.

رۆبێرتۆ کارلۆس پێیوایە بەدەستنەهێنانی نازناوەکان لەلایەن ئەو نەوە مەزنەی ریال مەدریدەوە پەیوەندی بە راهێنەرانەوە هەیە و دەڵێ کارەکە دەگەڕایەوە سەر راهێنەرەکان، ئەوان دەبوو ژووری جلگۆڕین رێکبخەن و کۆنترۆڵی یاریزانان بکەن.

دواجار دەڵێ ریال مەدرید تاکە یانەبوو بتوانێت ئەو هەموو ئەستێرەیەک پێکەوە کۆبکاتەوە، هیچ یانەیەکی دیکە لە دونیادا ئەوەی پێنەدەکرا.