بارسێلۆنا دەیەوێت ئەستێرەیەکی یانەکە بەڕێبکات
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دەیەوێت ئەستێرەیەکی پێکهاتەی یانەکە بەڕێبکات.
بەپێی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، داهاتووی ڤیتۆر رۆکی، یاریزانی بەرازیلی و هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا لە ژێر مەترسیدایە و هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە یاریزانەکە بۆ وەرزی داهاتوو لە بلاوگرانا نامێنێت.
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات ستافی تەکنیکی بارسێلۆنا دەیانزانی کە رۆکی پێویستی بە کات دەبێت بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ شێوازی تۆپی پێی ئەوروپا بگونجێنێت، بەڵام ئەوە چەندین مانگە یاریزانەکە پەیوەندی بە بلاوگراناوە کردووە و تاوەکو ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە نەبینیوە.
تادێت هەواڵی رۆشتنی رۆکی لە بارسێلۆنا زیاتر دەبێت، تاوەکو ئێستا نزیکترین بژاردە ئەوەیە کە یاریزانەکە بە خواستن بدرێت بە یانەیەکی دیکە و دواتر بگەڕێندرێتەوە، ستافی تەکنیکی یانەکەش پشتگیری ئەم بژاردەیە دەکەن و بەبڕیارێکی باشی دەزانن.
رۆکی لە مانگی یەکی ئەمساڵ، بەبڕی 40 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئاتلێتیکۆ پاراناینسێوە پەیوەندی بە بارساوە کرد، تاوەکو ئێستا لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکەدا تەنیا 310 خولەک بەشداری پێکراوە و لەو ماوەیەدا توانیویەتی دوو گۆڵ تۆماربکات.