ئینتەرمەیامی رۆناڵدۆی دەوێت و نەسڕیش مێسی

06-05-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی رۆژنامەڤانێکی سعودی، یانەی نەسڕی سعودی بڕیاریداوە کودەتایەک بەسەر یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکیدا بکات و هاوکێشەکە بەسەریدا پێچەوانە بکاتەوە، چونکە  ئینتەرمەیامی بڕیاریداوە لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەستێکی گەورە بکات، کە بێگومان ئەگەر روویدا هەرایەکی زۆر گەورە دەنێتەوە.
 
ئینتەرمەیامی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی هێرشبەری پۆرتوگالی، یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەو یانەیە یاری دەکات.
 
رۆژنامەڤان عەلی حەربی رایگەیاند، لە وەڵامی ئەم هەوڵانەدا،  یانەی نەسڕی سعودی لە سەروبەندی ئامادەکردنی دەستەوارەیەکی زۆر بەهێز و گرانبەهادایە بۆ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، بەمەبەستی گواستنەوەی بۆ لای رۆناڵدۆ لە هاوینی داهاتوودا.
 
حەربی لە تویتێکدا لە رێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە، لە پلاتفۆرمی "X" نووسیویەتی "مێسی پێشوازی لەم کارە دەکات، هیوادارە لەگەڵ یانەی نەسڕ، لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کۆتایی بە ژیانی تۆپی پێی خۆی بهێنێت".
 
وەک ئەو رۆژنامەڤانە باسی دەکات، یانەی نەسڕ لەوانەیە سەرکەوتوو بێت لە کۆکردنەوەی مێسی و رۆناڵدۆ لە یەک تیپدا و دەڵێت "نەسڕ دەتوانێت بۆمبێکی گەورە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا بتەقێنێتەوە".
 
ماوەی گرێبەستەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 39 ساڵ لەگەڵ نەسڕ، دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزە کۆتاییدێت، بەو پێیەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکە لە مێرکاتۆی زستانەی رابردوو، لە مانگی یەکی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، بەپێی گرێبەستێکی دوو وەرز و نیوی، کە تێچووەکەی بە نزیکەیی 500 ملیۆن یۆرۆیە.
 
لە کاتێکدا لیۆنێل مێسی وەرزی رابردوو پەیوەندی بە ئینتەرمەیامییەوە کرد، بەپێی گرێبەستێک کە تاوەکو کۆتایی 2025 بەردەوام دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە