جارێکی دیکە سەرۆکی فەرەنسا داواکاریی لە ریال مەدرید هەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا جارێکی دیکە لە بابەتی ئۆڵیمپیادی پاریسدا داواکارییەکی ناڕاستەوخۆی ئاراستەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد.
 
هاوینی ئەمساڵ، پاریس میوانداریی یارییەکانی ئۆڵیمپیاد دەکات، ماکرۆن جارێکی دیکە لەبارەی ئەو رووداوە وەرزشییەوە داواکاریی ئاراستەی ریال مەدرید کرد.
 
سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرایکردووە، باوکی کیلیان ئێمباپێ هیوای خواستووە کوڕەکەی بەشداری لە رووداوەکەدا بکات و لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بێت، هەر بۆیە ئەم هیواخوازە یانەکان رێگە بە یاریزانەکانیان بدەن بەشداری لە ئۆڵیمپیاد بکەن.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "هەفتەی رابردوو لەگەڵ باوکی کیلیان قسەمکرد، پرسیارم لەبارەی ئۆڵیمپیادەوە لێکرد، دووپاتیکردەوە کە ئەو یاریزانە دەیەوێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا بێت لە پاڵەوانێتییەکە، هیوادارم یانەکانی ئەوروپا ئازادیی بەشداریکردن و بڕیاردان بدەنە یاریزانەکانیان".
 
ماکرۆن دەڵێ، دڵخۆشم بەوەی هەموو یانەکانی فەرەنسا بەو داواکارییەی یاریزانەکان رازیبوون، هیوادارم یانەکانی دیکەش هەمان کار بکەن.
 
لەبەرئەوەی ئۆڵیمپیاد لەلایەن فیفاوە رێکناخرێت، یانەکان ئازادن لەوەی رێگە بەیاریزانەکانیان بدەن بەشداریی لە ئۆڵیمپیاد بکەن یان نا.
 
پێشتر ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە چەندین بۆنەی جیاوازدا دووپاتیکردووەتەوە کە خەونی ئەوە بەشداری لە ئۆڵیمپیادی پاریس بکات و سوود لە سیستمی رێگەدان بەبەشداریکردنی سێ یاریزانی سەروو تەمەن 23 ساڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان وەربگرێت.
 
میدیاکان کۆکن لەسەرئەوەی کیلیان ئێمباپێ کە گرێبەستەکەی لە هاوینی ئەمساڵدا لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، لە هاوینی ئەمساڵدا پەیوەندی بەیانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە دەکات.
 
پێشتر ریال مەدرید بەفەرمی ئاگاداری سەرجەم هەڵبژاردەکانی کردووەتەوە کە رێگە بەبەشداری یاریزانانی یانەکان لە ئۆڵیمپیادی پاریس نادات.
 
لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی بەشداریکردن لە ئۆڵیمپیاد، کیلیان ئێمباپێ دووپاتیکردووەتەوە، زۆر بایەخ بە یارییە ئۆڵیمپییەکان نادات، بەڵام هیواخوازە بەشداری لە ئۆڵیمپیادی پاریس بکات.