لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا مانچێستەر سیتی سێ ئەستێرە لەدەستدەدات


رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، خۆی بۆ لەدەستدانی سێ ئەستێرە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا ئامادە دەکات، میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، قەرەبووکردنەوەی ئەو سێ یاریزانە، کارێکی زەحمەت دەبێت بۆ پێپ و مانچێستەر سیتیش.
 
سەرچاوە میدیاییەکانی ئینگلتەرا گوتویانە، پێپ گواردیۆلا دڵنیابووەتەوە لەوەی لە بۆ وەرزی داهاتوو سێ یاریزانی سەرەکی لەدەستدەدات کە بریتین لە کایل واکەر، بێرناردۆ سێلڤا و ستیڤان ئۆرتێگا، پاشئەوەی هەرسێ یاریزانەکە لە ماوەی رابردوودا دەستەوارەی جیاوازیان بەدەستگەیشت.
 
کایل واکەر، یەکێک دەبێت لە دیارترین یاریزانە رۆژیشتووەکان لە مانچێستەر سیتی، ئەو بەرگریکەرەی باڵ کە تەمەنی 33 ساڵە، لەدوای هاتنیەوە یاریزانی سەرەکی پێکهاتەکەی پێپ بووە، بەڵام ئێستا دوایین وەرزی لەگەڵ یانەکە بەسەردەبات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، کارگێڕیی سیتی تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەئاراستەی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە نەناوە، ئەمە جیا لەوەی چەندین یانەی سعودیە دەستەوارەیان پێشکێشکردووە بۆ چوونە ئەو خولە.
 
هەرچی بێرناردۆ سێلڤایە، ئەو یاریزانە بەیەکێک لە یاریزانە دڵخوازەکانی پێپ دادەنرێت، لەوکاتەوەی لە مانچێستەر سیتییە، پێپ بەشێوەی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت. لە یارییە گرنگەکاندا هەمیشە ئامادەیی هەیە، رۆڵی گەورەی لە سیانە مێژووییەکەی وەرزی رابردووی تیپەکەدا هەبوو.
 
سێلڤا ئەگەرچی ئەمساڵیش لە ئاستە ناوازەکەی خۆی بەردەوامە، بەڵام یانەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی، بایرن میونشنی ئەڵمانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەوڵی گرێبەستکردنی لەگەڵ دەدەن.
 
ستیڤان ئۆرتێگای گۆڵپارێزیش بەهەمان شێوەیە، ئەو ئەگەرچی یەدەگە، بەڵام ئەمساڵ ماوەی باشی هەبوو لەگەڵ تیپەکەدا و لە 17 یاریدا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان بەشدارییکرد و لە حەوت یاریدا بەکلین شیتەوە هاتە دەرەوە.
 
بەپێی میدیاکان، پڕکردنەوەی شوێنی ئۆرتێگا بۆ پێپ کارێکی ئاسان نابێت.
 
تاوەکو ئێستا دیار نییە هەڵوێستی پێپ لەسەر رۆیشتنی ئەو یاریزانانە لە تیپەکەدا چییە، بەڵام روونە کە سیتی بەردەوام هەوڵی خۆنوێکردنەوە و گەنجکردنەوەی پێکهاتەکەی دەدات و ساڵانە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی نوێدا دەکات.