بەڕێوەبەری ڤیتۆر رۆکی هێرشدەکاتە سەر بارسێلۆنا

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری کارەکانی ڤیتۆر رۆکی، هێرشبەری لاوی بەرازیلی رەخنە لە یانەی بارسێلۆنا دەگرێت و باس لە شێوازی مامەڵەکردنی ریال مەدرید و ئەو یانەیە دەکات.
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی ڤیتۆر رۆکی، لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بڵاوکراونەتەوە، کە گوایە بارسێلۆنا بیر لە دەستبەرداربوون بەشێوەی خواستن لەو یاریزانە دەکاتەوە.
 
ئاندرێ کۆری، بەڕێوەبەری کارەکانی، ڤیتۆر رۆکی لەلێدوانێکدا کە لەلایەن رادیۆی (RAC1) بڵاوکراوەتەوە دەڵێت "ڤیتۆر رۆکی بەشێوەی خواستن لە بارسێلۆنا ناڕوات، ئەگەر یانەکە بەجێبهێڵێت بەشێوەی یەکجارەکی دەڕوات."
 
بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت "کەس نازانێت بۆچی چاڤی یاری بە یاریزانەکە ناکات، تەنانەت قسەشی لەگەڵ ناکات، ئەمە شتێکە راست نییە، لە داهاتوویەکی نزیکدا گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا دەکەین."
 
کۆری رەخنە لە شێوازی مامەڵەکردنی یانەی بارسێلۆنا دەگرێت و دەڵێت "لە ریال مەدرید، ڤینیسیۆس جونیۆر پێویستیی بە دوو وەرز و نیو هەبوو تاوەکو خۆی لەگەڵ یانەکە گونجاند، بەڵام لە بارسێلۆنا تەنیا دوای دوو مانگ بەهرەی ڤیتۆر رۆکی کوژرا و هاوکارییان نەکرد."
 
بەڕێوەبەری یاریزانە لاوە بەرازیلییەکە هێشتا قسەیکرد و گوتی "بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان، هەمووان بینیان بارسێلۆنا پێویستی بە گۆڵکردن هەبوو، دەیتوانی سوود لە یاریزانەکە وەربگرێت، بەڵام یاریی پێنەکرد، لە زۆرینەی یارییەکاندا یانەکە پێویستیی بە یاریزانێکی نوێیە بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر دروستبکات، بەڵام یاریی پێناکەن، بۆیە ناتوانین بەمشێوەیە بەردەوامبین."
 
ئاندرێ کۆری بە روونی گوتی "باشترین بژاردە بۆ رۆکی، مانەوەیە لە بارسێلۆنا، بەڵام بەو مەرجەی یاری بکات، ئەگەر بارسێلۆنا یاریی پێنەکات، پێویستە بەدوای یانەیەکی دیکەدا بگەڕێین."
 
ڤیتۆر رۆکی، تەمەنی 19 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا تاوەکو ساڵی 2031ـە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، بەشداریی لە 13 یارییدا کردووە و تەنیا 310 خولەک یارییکردووە ئەگەری هەیە یاریزانەکە لەو یانەیە بڕوات.