ڤیدیۆ؛ لیڤەرکوزن دەیەوێت ناوی خۆی بەزێڕ بنووسێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرلیڤەرکوزن لە نووسینەوەی مێژوو و راماڵینی یانەکان بەردەوامە و تەنیا دوو یاریی ماوە بۆ ئەوەی ناوی بە زێڕ بنووسرێتەوە.

لیڤەرکوزن لە گەڕی 32ـی بوندێسلیگا، بەرامبەر یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت یارییکرد، سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان یارییکرد، لیڤەرکوزن بەباشترین ئاستەوە دەرکەوت و بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 
دوای 12 خولەک یارییکردن گرانیت شاکا بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی میوان تۆمارکرد.
 
لە خولەکی 32 هوگۆ ئیکیتیکی ئەنجامەکەی بۆ ئینتراخت فرانکفۆرت یەکسانکردەوە، بەڵام بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەم، پاتریک شیک گۆڵی دووەمی لیڤەرکوزنی تۆمارکرد و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندی میوانەکان کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا لیڤەرکوزن درێژەی دایە ئاستە بەرزەکەی، لە خولەکی 58 ئیکسێکیل پالاسیۆس بەلێدانی سزا گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، جێریمی فریمۆپنگیش گۆڵی چوارەم.
 
لیڤەرکوزن بەوەندە نەوەستا، لە خولەکی 89 ڤیکتۆر بۆنیفاس گۆڵی پێنجەمی بەلێدانی سزا تۆمارکرد، یانەی میوان بە پێنج گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد.
 
بەبردنەوەی ئەم یارییە، بایرلیڤەرکوزن ریکۆردێکی دیکەی تۆمارکرد، بووە دووەم یانە لە مێژووی تۆپی پێدا، 48 یاریی بەبێ دۆڕان ئەنجامدابێت و ریکۆردی یانەی بێنفیکای لە نێوان 1963 بۆ 1965 یەکسانکردەوە، کە ئەوانیش 48 یارییان بەبێ دۆڕان ئەنجامدابوو.
 
لیڤەرکوزن 32 یاریی لەم وەرزەی خولی ئەڵمانیادا ئەنجامداوە، دوو یاریی بەرامبەر هەریەکە لە یانەکانی بوخۆم و ئوگسبۆرگ ماوە، ئەگەر لەو دوو یارییەدا نەدۆڕێت، یانەکە مێژوویەکی گەورە تۆماردەکات و دەبێتە یەکەم یانە لە مێژووی تۆپی پێی ئەڵمانیادا، بەبێ دۆڕان نازناوی خولەکە بباتەوە.
 
جگە لەوە یانەکە پێشتر بوندێسلیگای یەکلاکردووەتەوە، بەبردنەوەی دوو یاریی دیکە دەبێتە پاڵەوانی یۆرۆپالیگ و بەبردنەوەیەکی دیکەش نازناوی جامی ئەڵمانیا بەدەستدەهێنێت.