رۆما و ئینتەرمیلان.. ئەمشەو جەنگی گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگ


رووداو دیجیتاڵ

لە نیۆ دەنگۆ گەرمەکانی رۆیشتن و لێکترازانی جۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ یانەی رۆما و لە نێو خەونی رەنگاڵەیی بەدەستهێنانی دووەم نازناوی ئەوروپی لە مێژووی خۆیدا، رۆما لە دوا هەفتەکانی سێری ئای ئەمساڵدا، هەوڵدەدات لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ئەگەری گەیشتن و نەگەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، بێتە دەرەوە.
 
رۆما لە یاریگەی ئۆڵەمپیکۆدا میوانداریی ئینتەرمیلان دەکات کاژێر 19:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یارییەک تەنیا یەک ناونیشانی هەیە، هەوڵی تاقەتپڕوکێنانە بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکی چامپیۆنزلیگ.
 
رۆما گەرچی بەشێوەیەکی گشتی، شوێن و پێگەیەکی باشی لە ریزبەندی خولەکەدا هەیە و هێشتا هەلی گەیشتن بە ئامانجە ئەوروپییەکەی ساڵی داهاتووی لەبەردەستدایە، بەڵام تیپەکەی مۆرینیۆ لە دوا مەترەکانی رکابەریی نێو خولی ئیتاڵیادا، شەکەت و ماندوو، بیر پەرت و هەندێکجاریش بێتوانا دێتە بەرچاو.
 
رۆما لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاوی یانەکانی دیکەدا چاوی لە کورسییەکی چامپیۆنزلیگە.. یوڤێنتوس، لازیۆ، میلان و ئینتەرمیلان ئاتلانتاش هەمان خەونیان هەیە، ململانێیەکە تووند و رکابەرییەکە سەختە، رۆما چەندە خەیاڵی لای بردنەوە دەبێت لە ئینتەرمیلان، ئەوەندەش خەیاڵی لای سەرکەوتن دەبێت بەسەر بایەرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی لە کۆتایی هەفتەدا لە یۆرۆپالیگ.
 
ئینتەرمیلان کە بە سێ بردنەوەی لەسەریەک، لە هەفتەکانی رابردوودا، بەرامبەر ئیمپۆلی، لازیۆ و ڤیرۆنا، کەمێک لە گوشارەکانی سەر خۆی لابردووە، گەرچی دەزانێت لە یارییەکەی ئەمشەودا گوشاری زۆری هاندەرەکانی نێو ئۆڵەمپیکۆی لەسەر دەبێت، بەڵام پشتقایمە بەوەی لە 2016ەوە لەو یاریگەیەدا شکستی نەهێناوە، بەڵام ئەوەشی لەبەرچاوە کە یاریی یەکەمی بەرامبەر رۆما لە وەرزی ئەمساڵدا، بە شکست کۆتایی هاتووە.
 
لە ئینتەرمیلانیش خەیاڵەکان هاوتای رۆمان و ترسەکانی راهێنەریش هاوتای ئەو نادیارییانەن کە ئەمڕۆژانە سپێشەڵ وەن تێیاندا دەژی.. ئینتەر ناچارە ئەوە لەبەرچاو بگرێت کە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، پێکدادانێکی قورسی لەگەڵ میلانی دراوسێیدا هەیە لە چامپیۆنزلیگ، راهێنەرەکەشی بەردەوام مانشێتی ئەو رۆژنامانە دەبینێت کە بۆی دووپاتدەکەنەوە، لە کۆتایی وەرزدا دەبێ جۆسێپی میاتزا بەجێبهێڵێت.
 
بۆ مۆرینیۆ ساتەکە هەستیار و دۆخەکەش تەمومژاوییە. لە یارییەکەی مۆنزادا سپێشەڵ وەن لە تواناکانی دیبالا، سمۆڵینگ، لۆرێنتی، کارسدرۆپ، بیلۆتی، ڤایناڵدۆم و کۆمبۆلا بێبەشبوو، یارییەکە هەواڵی پێکانی ستیڤان شەعراوی و پێدانی کارتی سووری بە زەکی چیلیکی بەرگریکاریش بەخۆوە بینی. 
 
تاوەکو ئێستا لەسەداسەد هەواڵی بەشداریکردن یان نەکردنی هەریەک لەو یاریزانانە لە ئارادانییە و مۆرینیۆش کە یارییەکی سۆزاوییانە بەرامبەر ئینتەر ئەنجامدەدات.. ناچارە لێکدانەوەیەک و دەیانی دیکە، بۆکۆی بارودۆخەکانی چواردەوری خۆی بکات، تاوەکو بە کەمترین زیانەوە لە گێژاوی دوا هەفتەکانی وەرزەکە بێتە دەرەوە.