جامی شای ئیسپانیا.. ئۆساسۆنا و ریال مەدرید لەبەردەم مێژوودا

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئۆساسۆنا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی لاکارتوخا، لە شاری سێڤییا دەکرێت، یاریگەکە لە ساڵی 1999 کراوەتەوە و شوێنی 57 هەزار و 619 هاندەر تێیدا دەبێتەوە.
 
هەردوو یانە بەباشی خۆیان بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و ئامانجیان بردنەوەی نازناوەکەیە، ریال مەدرید بۆ جاری 20ـەم دەیەوێت ببێتە پاڵەوان کە لە دوای ساڵی 2014ـەوە نازناوەکەی بەدەستنەهێناوە، بەڵام یانەی ئۆساسۆنا تاوەکو ئێستا هیچ نازناوێکی پاڵەوانێتییەکەی نییە و ئەمشەو بۆ مێژوو یارییدەکات، بۆ ئەوەی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی جامی شای ئیسپانیا بباتەوە.
 
لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید جگە لە فێرلان مێندی، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن و لوکا مۆدریچ لەگەڵ شاندی یانەکە چووەتە سێڤییا، ئەنچێلۆتی بەهەموو هێزی خۆیەوە یارییدەکات بۆ ئەوەی بەر لە رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا نازناوێک ببەنەوە.
 
لە ئۆساسۆنا دارکۆ باراساناج، ناچۆ ڤیدال پێکانیان هەیە و ئەگەری هەیە بەشداری لە یارییەکەدا نەکەن.
 
لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا، هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئۆساسۆنا 18 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە و ئۆساسۆنا هیچ یارییەکی لە ریال مەدرید نەبردووەتەوە، دوایین بردنەوەیان بەرامبەر یانەی شاهانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2011 کە لە لالیگادا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.
 
بەڵام وەک راهێنەری ئۆساسۆنا دەڵێت "لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا ئەمە گرنگترین یاریی ئۆساسۆنایە و جگە لە نازناوەکە بیر لە هیچ شتێکی دیکە ناکەنەوە."
 
هەرچەند مێژوو لە بەرژەوەندی ریال مەدریدە، بەڵام ئەوە هەمووی رابردووە و رەنگە ئەم هەلەی ئێستا بۆ ئۆساسۆنا هەڵکەوتووە جارێکی دیکە وا بە ئاسانی نەیەتەوە پێش، بۆیەش ناکرێت بە ئاسانی دەستبەرداری یارییەکە ببێت.