تایبەت بە رووداو.. ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ دەستبەکاردەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی سەرۆکی یانەی زاخۆ بڕیارییدا دەست لە کارەکەی بکشێتەوە، ئەمرۆ ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات و سەرۆکی نوێی یانەکە دەستبەکاردەبێت.
 
بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەی زاخۆ لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا سەرۆکایەتی یانەی زاخۆی کردووە، بەڵام لەلایەن هاندەرانی یانەکەوە رووبەڕووی رەخنە بووەوە و وەک خۆی بە رووداوی راگەیاندبوو، رووبەڕووی هێرشی ناڕەوا بووەتەوە، بۆیەش چیدیکە خۆی و ماڵباتەکەی ناکەتە قوربانی سەرۆکایەتیکردنی یانەکە و واز لە کارەکەی دەهێنێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دوایین کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە لە هەمان کاتدا سەرۆکی شانازیی یانەکەیە، گفتوگۆ لەبارەی داهاتووی یانەکەوە کراوە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ داوای لە بڵند شەفیق کردووە لە کارەکەی بەردەوامبێت، بەڵام ئەو داواکارییەکەی رەتکردووەتەوە و واز لە کارەکەی دەهێنێت.
 
بڵند شەفیق، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دوایین پەیامی خۆی ئاراستەی هاندەرانی یانەی زاخۆ دەکات و دەڵێت "وەرزش پەیامی برایەتی و رێزگرتنە، زاخۆ خاوەنی کەسایەتیی زۆر بەهێز و نایابە لە وەرزشدا و روویەکی گەشی پێشانی هەمووان داوە، پێویستە هەموومان لەوە تێبگەین وەرزش تەنیا بەدەستهێنانی ئەنجامی باش نییە، بەڵکو چەندین پەیامی دیکەی گرنگی هەڵگرتووە و پێویستە کاریان لەسەر بکرێت."
 
لەبارەی وازهێنانی لە سەرۆکایەتیی یانەکەش سەرۆکی یانەی زاخۆ گوتی "دەمتوانی ماوەیەکی درێژ لەگەڵ یانەکە بەردەوامبم و سەرۆکایەتیی یانەکە بکەم، بەڵام رۆیشتنم بۆ ئەوەیە بەڵکو بارودۆخەکان باشترببن و هەمووان لەوە تێبگەن کە سەرکەوتن لە یەکگرتن و رێزگرتندایە و وەرزش بەتەنیا بردنەوەی یارییەکان نییە."
 
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بڵند شەفیق، بۆ دوایینجار وەک سەرۆکی یانەی زاخۆ دەردەکەوێت و ماڵئاوایی لە یانەکە دەکات، لە شوێنی ئەو عەمار فەرهاد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە و یاریزانی پێشووی یانەی زاخۆ بەشێوەیەکی کاتی تاوەکو کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی سەرجەم خول و چالاکییەکان سەرۆکایەتیی یانەکە دەکات.
 
عەمار فەرهاد، سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت "بە سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆم راگەیاندووە، کە تەنیا تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە ئەو پۆستە وەردەگرم بۆ ئەوەی یانەکە بەڕێوەببەم و دوای ئەوەش هەر کێ دەیەوێت ببێتە سەرۆکی یانەکە دەرگای یانەی زاخۆ کراوەیەوە."
 
سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ زیاتر گوتی "لە ماوەی ساڵی رابردوودا ژێرخانێکی زۆرباشمان بۆ یانەی زاخۆ داناوە، بۆ ئەوەی زیاتر بەرەوپێشەوەشی ببەین پێویستیمان بە پارەیەکی زۆر و رێکخستنێکی کارگێڕیی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا یانەکە پێشڤەچوونی زۆر بەخۆیەوە ببینێت."
 
یارییەکەی شەوی هەینی لەنێوان هەردوو یانەی زاخۆ و کارەبا، کە زاخۆ یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە دەبێتە دوایین یاریی بڵند شەفیق وەک سەرۆکی یانەکە، لە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەش ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەکە کرد.
 
سەرۆکی نوێی یانەی زاخۆ کێیە؟
 
عەمار فەرهاد حاجی
لە 16-7-1985 لە زاخۆ لە دایکبووە
پێشتر لە تیپی تازەپێگەیشتووان، لاوان و تیپی یەکەمی یانەی زاخۆ لە هێڵی بەرگری یارییکردووە
ساڵی 2012 بەهۆی پێکانەوە بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە
بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتیدا لە قوبرس بەدەستهێناوە