ئەمڕۆ پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ یەکلادەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دووەم یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەڕێوەدەچێت و پاڵەوانی ئەم وەرزەی ئاسیا یەکلادەبێتەوە.

کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریگەی سایتاما لە تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، یاریی گەڕانەوەی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، لەنێوان هەردوو یانەی ئوراوا رێد دایمۆندزی ژاپۆنی و هیلالی سعودی بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانە رکابەری لەسەر یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێی یانەکانی ئاسیا دەکەن.
 
لە یاریی چوونی نێوانیاندا، ئوراوا بە ئەنجامێکی باشەوە گەڕایەوە، دوای ئەوەی بە لە سعودیە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەهۆی ئەوەشی کە لە یاریگەی خۆیان و لەبەردەم هاندەرانیان یارییدەکەن، ئەوان هەلێکی زیاتریان لەبەردەمە بۆ ئەوەی یارییەکە لەبەرژەوەندی خۆیان یەکلابکەنەوە.
 
لە ریزەکانی یانەی هیلال هەریەکە لە سەلمان فەرەج، یاسر شەهرانی و سالم دوسەری بەهۆکاری جیاوازەوە یاریی ناکەن، ئەمەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر پلانەکانی رامۆن دیازی راهێنەری یانەکە دەبێت، بەتایبەت کە هەرسێکیان یاریزانی سەرەکین و رۆڵیان لە گەیاندنی یانەکە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیا هەبووە.
 
یانەی هیلال خاوەنی زۆرترین نازناوی چامپیۆنزلیگە و چوار نازناوی بردووەتەوە، کە دواینییان لە وەرزی رابردوو بووە، یانەی ئوراوا رێد دووجار بووەتە پاڵەوانی ئاسیا و لە ساڵی 2017ـەوە نازناوەکەی نەبردووەتەوە، کە ئەو کاتە لە یاریی کۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر هیلال بەدەستهێنا و دەیەوێت ئەمڕۆ هەمان سیناریۆ دووبارەبکاتەوە، بەڵام هاندەرانی یانە ژاپۆنییەکە ئەوەشیان بیرماوە کە لە 2019 یانەی هیلال لەنێو یاریگەی ئوراوا بە 2-0 لە یانەکەی بردەوە و نازناوی چامپیۆنزلیگی ئاسیای لەنێو خاکی ژاپۆنییەکان بەدەستهێنا.