پەیامی ماڵئاوایی دەیڤد ئالابا لە بایرن میونشن


رووداو دیجیتاڵ

دەیڤد ئالابا، ئەستێرەی نەمسایی و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەڵێت " زۆر بیری بایرن میونشن دەکەم کاتێک لە گواستنەوەی هاوینەدا لە یانەکە دەڕۆم ".

ئالابا دوای 13 ساڵ یارییکردن لە ریزەکانی بایرن میونشن، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بێبەرامبەر لە یانەکە دەڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا وێستگەی داهاتووی دیارنییە.

یاریزانەکە لەلێدوانێکی تایبەتدا بە کەناڵی بایرن میونشنی گوت " هێشتا کات ماوە بۆ ئەوەی بڕۆم، بۆیە ئێستا ناتوانم بەتەواوی لە بارودۆخەکە بگەم".

دەیڤد زیاتر گوتی " ئەگەر راستگۆیانە قسەبکەم، چەند رۆژێکە خۆم بەوە سەرقاڵدەکەم کە لەگەڵ بایرن میونشن بەدەستمهێناوە و رۆژانە سەیریان دەکەمەوە، چەند ساڵێکی خۆشبوون".

بەرگریکارە نەمساییەکە دەڵێت " بیری ژووری جل گۆڕین، هاوڕێکانم، هاندەران لە یاریگە و کەشوهەوای نێو راهێنانەکان دەکەم، بیر شاری میونشن دەکەم کە 13 ساڵە لێرەم، ئێستا تەنیا دەتوانم بڵێم کە ئەمە ماڵی دووەمی منە ".

ئالابا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " ناتوانم بڵێم کە لە بایرن میونشن دەڕۆم دەگریم، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ماڵەوە دەگریم، دەبووایە شەڕی هەستەکانم بکەم کاتێک بڕیارمدا لە کۆتایی وەرزدا لە بایرن میونشن بڕۆم، سوپاسگوزاری هەموو شتێکم کە بەهۆی بایرن میونشنەوە بەسەرمدا دێت".

لە پەیامەکەیدا ئالابا هاندەرانی لەبیر نەکرد و گوتی " بە هاندەران دەڵێم سوپاس بۆ هەموو شتێک، هەرگیز ئەم پەیوەندییە لەبیر ناکەم و بۆ هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە، دڵنیام بە فرمێسکەوە لە بایرن میونشن دەڕۆم، بەڵام لە هەمان کاتدا بە پەرۆشم بۆ داهاتووم".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەیڤد ئالابای 28 ساڵ گوتی " تەنیا هیوای باشترین بۆ بایرن میونشن دەخوازم، ئەم یانەیە هەمیشە لە دڵمدا دەمێنێتەوە، هیوادارم بەردەوامبێت لە نووسینەوەی چیرۆکی سەرکەوتن".

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، نزیکترین بۆ گواستنەوەی دەیڤد ئالابا، لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا، یانەی ریال مەدیدی ئیسپانییە.