مارسێلۆ و هاوژینەکەی هەڵەی هازارد دووبارە دەکەنەوە

رووداو دیجیتال

مارسێلۆ، بەرگریکاری بەرازیلی یانەی ریال مەدریدی، بە لایکێک خۆشحاڵی خۆی بۆ گەیشتنی یانەی چێڵسی بە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ نیشاندا، سەرەڕای ئەوەی یانە لەندەنییەکە لەسەر حسابی یانەکەی ئەو گەیشتووەتە فایناڵ.

یانەی ریال مەدرید ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی لەسەر یاریگەی ستامفۆرد بریج بەرامبەر چێڵسی 2 - 0 دۆڕا.

بەپێی رۆژنامەکانی مەدرید، مارسێلۆ لایکێکی بۆ ئەو وێنەیە کردووە، کە هاوژینی تیاگۆ سیلڤای بەرگریکاری یانەی چێڵسییەوە پۆستیکردووە، بە بۆنەی بردنەوەی یانەی بلوز لە ریال مەدرید و گەیشتن بە  یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

ئیزابێل دا سیلڤای هاوژینی تیاگۆ لە ئینستاگرام، نووسیویەتی "ئێمە لە یاریی کۆتایی ئیستەنبۆڵین، مارسێلۆش لایکی بۆ کردووە.

مارسێلۆی بەرازیلی و تیاگۆ سیلڤا لەو کاتەوەی کە منداڵ بوون هاوڕێن و تاوەکو ئێستاش پەیوەندییەکی بەهێزیان لەنێواندا هەیە، بەتایبەتی بەهۆی ئەو ئەزموونەی لە کەنارینیا لە وڵاتی خۆیان هەیە، پێش ئەوەی بچنە ئەوروپا.

لە لایەکی دیکەشەوە کلاریس ئەلڤێسی هاوژینی مارسێلۆش لایکێکی بۆ وێنەیەک کردووە، کە لەلایەن کۆڤاچیچی یاریزانی چێڵسییەوە تاگ کراوە، وەک ئاهەنگگێڕانێک بۆ بردنەوە لە ریال مەدرید و گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هاندەرانی یانەی شاهانە زۆر لە ئێدین هازاردی یاریزانی بەلجیکی یانەکەشیان تووڕبوون، کاتێک لە دوای یاریی چێڵسی و ریال مەدرید دەرکەوت لەگەڵ هەندێک لە یاریزانانی یانە ئینگلیزییەکە گاڵتە دەکات و پێدەکەنیت، سەرەڕای دۆڕاندنی تیپەکەی و دەرچوون لە چامپیۆنزلیگ، تا ئەو راددەیەی کە میدیای مەدریدی داوا لە یانەی ریال مەدرید بکات هازارد لە ریزەکانیدا دەربکات.