پارێزگاری هەولێر بەڵێنی هەموو هاوکارییەک بە دیار رەحمان دەدات

07-05-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیار رەحمان
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر سەردانی دیار رەحمان، یاریزانی یانەی هەولێری کرد و بەڵێنی هەموو هاوکارییەکی بە یاریزانەکەدا.

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لەلاپەرەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی، بە نوێنەرایەتی مەسرووری بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی کوردستان، دیار رەحمان کرد، لە نزیکەوە لە رەوشی تەندرویستی ئەومان پرسی و ئامادەیی هەر هاوکاری و ئاسانکارییەکمان پێشاندا.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی یاریزانەکە و لە پێناو رزگاربوون لە نەخۆشییەکەی هەموو ئاسانکارییەک دەکەین، بۆ ئەوەی ئەو بگەڕێتەوە نێو گۆڕەپانی وەرزشی.



لە کۆتایی قسەکانیدا فرسەت سۆفی نووسیوویەتی، دیار رەحمان، وەک یاریزانێکی بەتوانای تۆپی پێ لە هەولێر، رۆڵی بەرچاووی هەبووە و توانیویەتی خزمه‌تی زۆری شاری هه‌ولێر بکات، بەهیواین بەم نزیکانە لەنێو گۆڕەپانی وەرزشی بیبینینەوە.

بەیار فایەق، بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دیار رەحمان بە پارێزگاری هەولێری گوتووە، تاوەکو ئێستا تاکە داواکاریم ئەوەبوو هاوکاریم بکرێت بۆ ئەوەی چارەسەربکرێت، بەڵام کە ئێوە هاتوون سوپاستان دەکەم و هیچ داواکارییەکی دیکەم نەما.



دیار رەحمان، یەکێک لە یاریزانە دیارەکانی کوردستانە، لە یانەکانی برووسک، هەولێر و کەرکووک یارییکردووە و پێنج نازناوی خولی کوردستانی بەدەستهێناوە، لە هەڵبژاردەی کوردستانیش یەکێک لە یاریزانە دیارەکان بووە و ساڵی 2012 کە یارییەکانی جامی کۆنیفا لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوون نازناوەکەیان بردەوە.

دیار رەحمان ماوەی دوو ساڵە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و لەنێو جێگە کەوتووە، بەو هۆیەوە لە یاریگەکانی تۆپی پێ دوورکەوتووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە