ئەنگێلا مێرکل گڵۆپی سەوزی بۆ یانەکانی ئەڵمانیا هەڵکرد
حکومەتی ئەڵمانیا گڵۆپی سەوزی بۆ یانەکانی خولی پلە یەک و پلە دووی ئەڵمانیا هەڵکرد، بۆ ئەوەی دەست بە ئەنجامدانی یارییە تەواونەکراوەکانی ئەم وەرزە بکەن لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا.
رۆژنامەکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە: "ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا، رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنەوەی یارییەکانی بوندێسلیگا داوە و کە یانەکان دەتوانن لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دەست بە ئەنجامدانی یارییەکانی خولی پلە یەک و پلە دوو بکەنەوە و دەستی بەڕێوەبردنی خولی ئەڵمانی سەرپشکە لەوەی چ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوە دەستیشان دەکات".
هەروەها راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "لاریم نییە لەوەی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە ناوەڕاستی ئەم مانگە دەستپێبکاتەوە، هەروەها دەرفەت بە یانەکان دەدەم، خۆیان وادەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی یارییەکان دەستنیشان بکەن".
وادەی دەستپێکردنەوەی خولی ئەڵمانی لە دەسەڵاتی دەستەی بەڕێوەبردنی خولی بوندێسلیگادایە، هەر بۆیە داوا لە سەرجەم یانە بەشدارەکانی هەردوو خولی پلە یەک و پلە دوو کراوە، کە سبەی 7ی ئەم مانگە ئامادە بن بەمەبەستی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە، بۆ دەستنیشانکردنی وادەیەک کە هەمووان لەسەری رازیی بن کە لە چ رێککەوتێکدا یارییەکان دەستپێبکاتەوە".
پێشبینی دەکرێ دەستەکە سبەی بڕیار لەسەر وادەی دەستپێکردنی سەرجەم یارییەکانی خولە جیاجیاکانی ئەڵمانیا بدات، بەتایبەت بوندێسلیگا و جامی ئەڵمانیا و خولی یانە پلە دووەکان".
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئەڵمانیا باس لەوە دەکەن، وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکان 16 ئەم مانگە یان 22ی هەمان مانگ دەبێت و یارییەکانیش بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت.