"کاتی دەستپێکردنەوەی خولی ئیتاڵیا دیارنییە"

رووداو - هەولێر

دامیانۆ تۆماسی، سەرۆکی دەستەی یاریزانانی ئیتاڵیا دووپاتیکردەوە، پۆرۆتۆکۆڵ و کاتی دەستپێکردنەوەی خولی ئیتاڵیا هێشتا دیارنییە.

یانەکانی ئیتاڵیا دەستیان بە مەشقەکانیان کردووەتەوە، بەڵام بەوپەڕی پابەندبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، کە لە مانگی ئاداری رابردووە هەموو چالاکییە وەرزشییەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیراون.

تۆماسی لە لایڤێکدا لە ئینیستاگرام، گوتی "هێشتا هەندێک شتی گرنگمان ماوە، هیچ گرەنتییەکمان بەدەستەوە نییە، کێ بەرپرسیاریەتی داستپێکردنەوەی یارییەکانی تۆپی پێ هەڵدەگرێت، ئەگەر مەحاڵ بێت یارییەکان بەبێ مەترسی بەڕێوەبچن، یاریزانان، یانەکان یان حکومەت؟ پێویستیمان بە پۆرۆتۆکۆڵێکی نموونەیی هەیە".

سەرۆکی دەستەی یاریزانانی ئیتاڵیا، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "زۆربەی یاریزانان گەڕاونەتەوە بۆ مەشقەکانیان، بەڵام ئەوە بڕیارێکی خۆبەخشانە بووە، یاریزانیش وەک هەر هاووڵاتییەک ئازادبووە لەوەی لەنێو باخچەکان یان یاریگەکاندا رابکات، ئێمە چاوەڕێی بڕیارێک دەکەین".

ئەو گوتیشی "هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین کە دەمانەوێت بگەڕێینەوە، بەڵام هەموو شتێک پەیوەستە بە کاتێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوە".

تۆماسی لە کۆتایی قسەکانیدا، روونیکردەوە "پۆرۆتۆکۆڵەکە تایبەتە بە مەشقەکان نەک یارییە فەرمییەکان و گەشتی تیپەکان لە شارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە".