رۆناڵدۆ هۆکاری زوو چاکبوونەوەی سیبایۆسە لە پێکان

06-04-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن دانی سیبایۆس کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دانی سیبایۆس، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، بە لاساییکردنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانیویەتی زووتر لە پێکانەکەی چاکبێتەوە.
 
سیبایۆس نزیکە لە چاکبوونەوەی تەواو لەو پێکانە ماسوولکەییەی لە کۆتایی مانگی شوباتدا تووشی بوو و پێدەچێت لە پێکهاتەی یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ بەشدار بێت، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە 16ـی نیسان بەڕێوەبچێت.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی بڵاویکردووەتەوە، سیبایۆس پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە لە بەرنامەی چارەسەرکردنیدا، لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا لە یەکی ئایار بگەڕێتەوە، بەڵام یاریزانەکە سەرکەوتووانە ماوەی دوورکەوتنەوەی لە یاریگادا کورتکردەوە و رۆژی هەینی رابردوو گەڕایەوە بۆ مەشق و راهێنانەکان.
 
رۆژنامەکە ئەوەی وەبیرهێناینەوە کە یاریزانە ئیسپانییەکە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام دوای پێکانەکەی نووسیویەتی "بەم زووانە دەتانبینمەوە... زووتر لەوەی بیری لێدەکەنەوە".
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، سیبایۆس سوودی لە بیرۆکەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پێشووی ریال مەدرید وەرگرتووە و دەڵێت "لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا سیبایۆس پێشکەوتنی سەرنجڕاکێشی بەخۆیەوە بینیوە، لەبەرئەوەی بڕیاری داوە شێوازێکی ژیانی جیاوازتر بگرێتەبەر، هاوشێوەی ژیانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سێرخیۆ رامۆس، کە ئەمەش بەڕوونی رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی وەرزشی سیبایۆس لە یاریگادا هەبووە".
 
سیبایۆس بڕیاریدا لەژێر چاودێری پزیشکێکی پسپۆڕدا سیستمی خۆراکی خۆی بەتەواوی  بگۆڕێت. یاریزانە تەمەن 28 ساڵەکە دوای مەشق و راهێنان و یارییەکان کاتی چاکبوونەوەی زۆرتر کردووەتەوە. دەستی کردووە بە بەسەربردنی کاتێکی زیاتر لە ساونا و لە مەلەوانگەشدا.
 
بەپێی هەمان سەرچاوە، یاریزانەکە کۆمەڵێک ئامێری مۆدێرنیشی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ چاکبوونەوەی خێراتر و زووتر بەدەستهێنانەوەی توانای جەستەیی.
 
وەک مارکا باسی دەکات "لە ئەنجامی هەموو ئەمانەدا، سیبایۆس توانی لە ماوەیەکی پێوانەییدا لە پێکانێکی سەخت چاکببێتەوە".
 
سیبایۆس وەرزەکەی لەسەر کورسی یەدەگ دەستپێکرد، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەریش لە سەرەتاییدا وەک یاریزانی سەرەکی پشتی پێنەبەست، بەڵام دواتر سەرکەوتوو بوو لە سەپاندنی تواناکانی و بووە یاریزانێکی گرنگ بۆ راهێنەرە ئیتاڵییەکە پێش ئەوەی تووشی پێکان بێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە