پلانێکی بەپەلە بۆ رزگارکردنی ریال مەدرید

رووداو دیجیتاڵ
دۆڕرانی ریال مەدرید بە ڤالێنسیا بیرۆکەی گەڕاندنەوەی زینەدین زیدانی ئەفسانەی فەرەنسی بۆ سەرپەرشتیکردنی مەشقەکانی یانەی لۆس بلانکۆسی هێناوەتە ئاراوە. سەرچاوەکان دەڵێن پلانێکی بەپەلە بۆ رزگارکردنی ریال مەدرید لەئارادایە.
ریال مەدرید گورزێکی گەورەی بەرکەوت بە دۆڕاندنەکەی ئەم دواییەی بەرامبەر ڤالێنسیا، ئەمەش ئەرکی زیاتر ئاڵۆزتر کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانی، چونکە تەنیا هەشت گەڕ لە لالیگا ماوە، تیپی شاهانە بە چوار خاڵ لەدوای بارسێلۆنای رکابەرە سەرەکییەکەی کەوتووە.
ئەم شکستە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لەناو یانەکەدا لێدا، دەنگەکان بەرزبوونەوە کە جەختیان لەسەر پێویستی بەپەلە کرد بۆ رزگارکردنی وەرزەکە و راستکردنەوەی دۆخەکە پێش ئەوەی درەنگ بکەوێت.
لەم چوارچێوەیەدا بیرۆکەی پشتبەستن بە ئەفسانەی یانەکە، زینەدین زیدان لەگەڵ چوار گرێبەستی پێویست بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تیپەکە، هاتووەتە ئاراوە.
گەڕانەوەی زیدان
بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەم بارودۆخە سەختەدا، پێدەچێت زیدان بەربژێرێکی نموونەیی بێت بۆ ئەوەی لەو ماوەیەی لە وەرزەکە ماوە سەرکردایەتی لۆس بلانکۆس بکات.
راهێنەرە فەرەنسییەکە ئێستا بێکارە و ئامادە دەبێت بۆ وەرگرتنی ئەم ئەرکە، پێشتریش لە دوو خولی پێشوودا سەرکردایەتی تیپەکەی مێرینگێی کردووە و دەستکەوتی مێژوویی لەگەڵیدا بەدەستهێناوە.
زیدان یانەکە و یاریزانەکانی بەباشی دەناسێت، لە کاتێکی گرنگ و هەستیاری وەک ئێستا توانای گەڕاندنەوەی رۆحی تێکوشان و متمانەی هەیە بۆ تیپەکە. هیچ سەرکێشییەک نییە لە گەڕاندنەوەی، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەزموونە سەرکەوتووەکەی پێشتری وایلێدەکات ببێتە باشترین و جێگیرترین بژاردە لەم قۆناخە چارەنووسسازەدا.
گەڕانەوەی زیدان مۆڕاڵێکی گەورە بە یاریزانەکان دەبەخشێت و دەکرێت ئەو پریشکە بێت کە تیپەکە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر رێڕەوی خۆی.
دوو بەرگریکاری باڵی بەهێز
ریال مەدرید لەم وەرزەدا لاوازییەکی روونی لە پۆستی بەرگریکاری باڵدا هەیە. ئاستی فێرلان مێندی، فڕان گارسیا و لوکاس ڤاسکێز جێگەی رەزامەندی کەس نییە، هاوکات پێکانە درێژخایەنەکەی دانی کارڤاخال و گەورەبوونی تەمەنی بارگرانییەکی زیاترە لەسەر تیپەکە.
ئەم لاوازییەی هێڵی بەرگری ریال مەدرید چەندینجار لەلایەن یاریزانانی رکابەرەوە قۆستراوەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی تیپەکە لە چەندین یارییدا گۆڵی ئاسانی لێ تۆماربکات، لەنێویاندا یارییەکەی ئەم دواییەی بەرامبەر ڤالێنسیا.
چارەسەری بەپەلە بۆ ئەم کێشەیە لە بە زووترین کات گواستنەوەی دوو یاریزانی بەرگری باڵی ئاست بەرزدایە، تەنانەت ئەگەر پێش دەستپێکردنی گواستنەوەی هاوینەش بێت.
هەبوونی دوو بەرگریکاری باڵی بەهێز دەبێتە هۆی بەهێزکردنی لایەنی بەرگری تیپەکە و بژاردەی تاکتیکی هەمەچەشنتر بە راهێنەرەکە دەبەخشێت.
دڵێکی بەرگری بەهێز
کێشەکانی ریال مەدرید تەنیا لە پۆستی بەرگریکاری باڵدا نییە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ بەرگریکارانی ناوەڕاستیش. تیپەکە لەم وەرزەدا تووشی زنجیرەیەک پێکانێکی بەرچاو بووە وەک رودیگێر، میلیتاو و ئالابا، ئەمەش هەندێکجار راهێنەرەکەی ناچارکردووە پشت بە یەک یاریزانی دڵی بەرگری راستەقینە ببەستێت لە پێکهاتەی سەرەکیدا، کە راول ئاسێنسیۆی گەنجە.
سەرەڕای ئاستە سەرنجڕاکێشەکانی یاریزانە لاوەکە، بەڵام هێشتا ئەو ئەزموونەی نییە کە بەتەواوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشبەرە سەرەکییەکانی ئەورووپا ئامادەبێت.
گرێبەستکردن لەگەڵ دڵێکی بەرگری بەهێز و تۆکمە لە گواستنەوەکانی هاوینەی داهاتوودا دەبێت لە پێشینەی کارەکانی یانەکەدا بێت، چونکە ئەم گرێبەستە هێزێکی بەرگری زیاتر بە تیپەکە دەبەخشێت و جێگرەوەیەکی ئامادەکراو مسۆگەر دەکات ئەگەر هەر یەکێک لە دڵە بەرگرییەکانی تووشی پێکان ببن.
گۆڵپارێزێکی یەدەگی باش
پێکانەکەی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی لەم وەرزەدا سەلماندی کە چەندە گرنگە بۆ ریال مەدرید. لە ئامادەنەبوونیی ئەودا، تیپەکە بەڕوونی لە پۆستی گۆڵپارێزدا کێشەی هەبووە.
کۆرتوا لە زۆر لە یارییە سەختەکاندا رزگارکەری تیپەکە بووە و یارییەکەی ئەم دواییەی ڤالێنسیاش نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەو راستییە. بەبوونی ئەو لە پێکهاتەکەدا، لەوانەیە یارییەکە بەسەرکەوتنی ریال مەدرید کۆتایی بهاتبووایە لەجیاتی دۆڕاندن.
جێگرەوەی ئێستای کۆرتوا، ئاندرێ لونینی ئۆکراینی، لەم وەرزەدا ئاستێکی زۆر خراپی پێشکەش کردووە، بەراورد بەو ئاستە نایابەی وەرزی رابردوو نیشانیدا، کاتێک بەشدارییەکی بەرچاوی لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەلایەن ریال مەدریدەوە کرد.
گرێبەستکردن لەگەڵ گۆڵپارێزێکی بەتوانا کە بتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی بەهێز بۆ کۆرتوا بۆ دەستەبەرکردنی ئەم پۆستە هەستیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا زۆر گرنگە. یانەکە دەبێت بەدوای گۆڵپارێزێکی خاوەن ئەزموون و کوالیتیدا بگەڕێت کە نوێنەرایەتی تیپەکە بکات لە کاتی ئامادەنەبوونی کۆرتوای گۆڵپارێزی سەرەکی یانەکە.