برایتن دەیەوێت بەربەست بخاتە بەردەم ئارسیناڵ

06-04-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئارسیناڵ برایتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

برایتن یەکێکی دیکە دەبێت لەو یانانەی لە کۆتایی ئەمشەودا، هەوڵی پەکخستن و تەگەرەخستنە بەردەم خەونی گەیشتنەوەی ئارسیناڵ بەنازناوی پرێمەرلیگ لە وەرزی ئەمساڵدا دەدات.
 
برایتن کە لەپێناو بەدەستهێنانی کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکانی وەرزی داهاتوودا دەجەنگێت، بەبردنەوە لە ئارسیناڵ چەندە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر ململانێی تیپە پێشەنگەکانی پرێمەرلیگ دروست بکات، ئەوەندەش بەسەرکەوتن بەسەر ئارسیناڵدا دەتوانێ خزمەت بەخەونەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە خولێکی ئەوروپی لە وەرزی داهاتوودا بکات.
 
ئارسیناڵ ئێستا لە هەستیارترین کاتەکانی وەرزی ئەمساڵی خۆیدا دەژی، ئەگەرچی تیپەکە تاوەکو ئێستا خۆگرتوو و پتەو بەرامبەر ئاڵنگارییەکانی ئەمساڵ وەستاوەتەوە و لە وەرزی رابردوو باشتر دەردەکەوێت و کاری زۆر دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی بێئومێدبوون لە دوایین هەفتەکاندا بپارێزێت، بەڵام هێشتا ترس لەو سیناریۆیە بەسەر بەشێکی هاندەرانی یانەکەدا زاڵە.
 
بۆ میکێل ئارتێتا و یاریزانەکانی، ئەوەی لە وەرزی رابردوودا روویدا، دۆخی ئەمساڵی تیپەکە لە هەموو روویەکەوە جیاوازە و ئەو جیاوازبوونە، دەکرێ لە کۆتاییدا جیاوازییە گەورەکە دروست بکات.
 
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، لەبارەی ئەو یارییەوە، دەڵێت "باشە..هیوادارم ئەوەی وەرزی رابردوو هاوکاریمان بکات. پێموایە ئێمە زۆر شت لە رابردوو فێربووین، بەتایبەت لە ساتە قورسەکاندا، هەروەها لەو وانانەی کە دەبێ هەرسیان بکەین. ئێستا دۆخەکە جیاوازە، ئێمە لە دۆخێکی جیاوازداین، بەڵام بەڕاستی پێشتر تاڵاوەکەیمان چەشتووە، پێموایە ئەو ئەزموونە زۆر سوودمان پێدەگەیەنێت. ئێمە هەوڵدەدەین ئەوەی روویدا، ئەمجارە بەباشی بەڕێگەیەکی دروست بەکاربهێنینەوە".
 
بەر لە یارییەکەی برایتن و ئارسیناڵ، یارییەکانی ئەم گەڕەی پرێمەرلیگ، رووبەڕووبوونەوەی دوو لەو تیپانە بەخۆوە دەبینێت کە مەترسیی دابەزینیان لەسەرە، ئیڤێرتۆن میوانداریی بێرنلی دەکات و هەردوو تیپەکەش لە هەوڵی زۆردان بۆ خۆ دەربازکردن لە دابەزین.
 
فولهام لای خۆیەوە کە ئەم ماوەیە لە دۆخێکی باشدا نییە و دوو یاریی رابردوو نەیبردووەتەوە، لە یاریگەی خۆیدا هەوڵی پەرچەکرداری تووند دەدات بەرامبەر ئەنجامە خراپەکانی کاتێک نیوکاسڵ سەردانی دەکات. فولهام ئەمساڵ لە رووبەڕووبوونەوەی گەورەکاندا ئاستی جیاوازی پێشانداوە، پێشبینیکراوە بەرامبەر نیوکاسڵیش هەمان خوی خۆی پێشان بداتەوە.
 
ئاستۆن ڤێلا کە گوشاری زیاتری لەلایەن تۆتێنهامەوە خراوەتە سەر لە پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەدا، لە میوانداریکردنی برێنتفۆرددا پێویستیی زۆری بەسێ خاڵی یارییەکە هەیە، لە کاتێکدا وێستهام کە چوار یاریی لەسەریەکە تامی بردنەوەی نەکردووە، لە سەردانیکردنی یاریگەی مۆلینیۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ولڤێرهامتن، ئەرکێکی ئاسانی نابێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە