پاریس سانجێرمان دەیەوێت گورزی تۆڵە لە ریال مەدرید بدات

رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید مەترسی لەدەستدانی ئەستێرە بەرازیلییەکەی ڤینیسیۆس جونیۆری لەسەرە، کە لەلایەن زۆر لە یانە گەورەکانی ئەوروپاوە گرنگی پێدەدرێت. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە یانەی پاریس سانجێرمان پلانێکی داناوە بۆ ئەوەی تۆڵەی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە ریال مەدرید بکاتەوە.
 
لەگەڵ ئەگەری چوونی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی بۆ مەدرید لە هاوینی داهاتوودا، داهاتووی ئەو یاریزانە بەرازیلییە لەژێر گوماندایە.
 
گرێبەستەکەی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە 30ـی حوزەیران کۆتایی دێت، زۆر لە هەواڵە رۆژنامەڤانییەکانیش ئاماژەیان بەوە کردووە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان نوێناکاتەوە بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە بکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، بەپشتبەستن بە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەیە بڕە پارەیەکی زۆر بدات بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس.
 
یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت قەرەبووی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە ریزەکانی بکاتەوە، بە گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر بە بڕی 200 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئەگەر ریال مەدرید رازی بێت یاریزانەکەی بەم بڕە بفرۆشێت، ئەوا ڤینیسیۆس دەبێتە دووەم گرانترین یاریزانی مێژوو لەدوای هاونیشتیمانییەکەی نەیمار کە لە هاوینی 2017 بەرامبەر بە 222 ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە چووە پاریس سانجێرمان.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەندێک راپۆرتی رۆژنامەڤانی دیکە ئاماژە بە ئارەزووی لیڤەرپوول و چێڵسی دەکەن بۆ گرێبەستتکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس کە وەک یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان لە ساڵانی رابردوودا هەژمارکراوە.
 
سەرەڕای ئەمەش یانەی شاهانە پلانی نییە دەستبەرداری هیرشبەری باڵی چەپی ببێت، کە یاریزانێکی سەرەکییە لە پێکهاتەی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی.
 
ڤینیسیۆس، تەمەنی 23 ساڵە، ئەم وەرزە بەهۆی پێکانەوە تەنیا 22 یاری ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا 18 گۆڵی تۆمارکردووە، 8 ئاسیستیشی هەیە.