یۆفا پارەیەکی خەیاڵیی دەداتە ریال مەدرید


رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بڕە پارەیەکی گەورە و زەبەلاحی بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگی وەرزی رابردووەوە بەدەستهێنا.
 
یۆفا خەڵات و داهاتەکانی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگی داوەتە یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە، ریال مەدرید زۆرترین پارەی وەرگرت و بڕەکەی 134 ملیۆن یۆرۆیە.
 
بەپێی ئەوەی یۆفا 'فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا' رایگەیاندووە، پارەی پێدراو بە یانەی ریال مەدرید سەرجەم ئەو داهاتانە بووە کە یانەکە بەهۆی بەشداریکردن لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەدەستیهێناوە، لەگەڵ پاداشتی زیادە لەسەر ئەنجامەکان و پەخشی تەلەڤزیۆن لە ئیسپانیا و پارەی دیکەش، لە نێویاندا مێژووی دەرکەوتنی یانەکە لە پاڵەوانێتییەکە.
 
یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، کە وەرزی رابردوو پلەی دووەمی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، کۆی 120 ملیۆن یۆرۆی وەک پاداشت لەلایەن یۆفا درایە. لە کاتێکدا یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی 110 ملیۆن یۆرۆی وەرگرتووە، وێڕای چوونە دەرەوەی لە قۆناخی هەشتی وەرزی رابردووی پاڵەوانێتییەکە.
 
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بڕی 109 ملیۆن یۆرۆی لەلایەن یۆفاوە دراوەتێ، لە کاتێکدا وەرزی رابردوو ئەو تیپە گەیشتبووە قۆناخی پێشکۆتایی.
 
لە یاریی کۆتایی وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا، ریال مەدرید و لیڤەرپوول بەیەکگەیشتن و بە گۆڵێکی ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ریال مەدرید سەرکەوتنی بەدەستهێنا.