ڤیدیۆ؛ دوایینی بوندێسلیگا گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی جامی ئەڵمانیا

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی شتوتگارت، خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەڵمانیا، دوای ئەوەی توانی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە نورنبێرگ بباتەوە.
 
شتوتگارت لە سەرەتای یارییەکەوە هێرشەکانی دەستپێکرد، بەڵام نەیتوانی تۆڕی پیتەر جێنسۆنی گۆڵپارێزی یانەی نورنبێرگ بهەژێنێت، کە چەندین لێدانی یاریزانانی شتوتگارتی گەڕاندەوە.
 
تیپی میوان تاوەکو خولەکی 83 چاوەڕێ بوو، کاتێک گۆڵپارێزەکە نەیتوانی لێدانێکی نایابی ئەنزۆ میلۆت بگەڕێنێتەوە، کە گۆڵی بردنەوەی بۆ شتوتگارت تۆمارکرد.
 
شتوتگارت کە لەسەر ئاستی بوندێسلیگا لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و پلەی کۆتایی ریزبەندیی گرتووە، خۆی گەیاندە چوارگۆشەی زێڕینی جامی ئەڵمانیا، کە رۆژی یەکشەممە ناسنامەی رکابەرەکەی ئاشکرا دەبێت.