پلانی سانجێرمان.. ئێمباپێ و حەکیمی ئین، مێسی و نەیمار ئاوت


رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ و ئەشرەف حەکیمی، پارێزبەندیی تایبەتیان لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی پاریس سانجێرمان هەیە، ئەمە دوایین زانیارییە کە میدیای فەرەنسا لەبارەی یانەکەوە بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو دوو یاریزانە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا پارێزراو دەبن.
 
میدیای فەرەنسا گوتوویانە، کارگێڕیی پاریس سانجێرمان دوا خاڵەکانی پلانی خۆی بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینە و رێکخستنەوەی تیپەکە و بەڕێکردنی ژمارەیەک یاریزان داناوە.
 
رۆژنامەی 'لوپاریزیان' ئاشکرایکردووە لە تیپەکەی ئێستا سانجێرماندا حەوت یاریزان هەن کە دەستبۆبردنیان و بیرکردنەوە لە فرۆشتنیان قەدەخەیە، چونکە ئەوانە بە کۆڵەکەی سەرەکیی تیپەکە دادەنرێن و بناخەی داهاتووی یانەکەن.
 
وەک میدیاکان گوتوویانە، ئەو حەوت یاریزانە بریتین لە "کیلیان ئێمباپێ، گۆڵکەری مێژوویی یانەکە، جیانلویجی دۆناڕۆما، نۆنۆ مێندێش، دانییلۆ پێرێرا، مارکۆ ڤێراتی و مارکینیۆس کاپتنی تیپەکە".
 
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، "ئەو نۆ گەڕەی لە خولی فەرەنسادا ماوە، دەبێتە پێوەری سەرەکی بۆ بڕیاردان لە مانەوە یان رۆیشتنی هەر یاریزانێک لە تیپەکە".
 
بەپێی رۆژنامەکە، پلانە نوێیەکەی نۆژەنکردنەوە و رێکخستنەوەی پاریس سانجێرمان، لەلایەن لویس کامپۆس، راوێژکاری وەرزشیی یانەکەوە دانراون، ئەو بەرپرسەی یانەکە، هەڕەشەی خستووەتە سەر بەردەوامبوونی هەریەکە لە "مێسی، سێرجیۆ رامۆس، ڤیتینیا، کارلۆس سۆلێر، ریناتۆ سانچێز، فابیان رۆیز، خوان بێرنارت و هۆگۆ ئیکیتیکی".
 
سانجێرمان، ئێستا پێشەنگی خولی فەرەنسای گرتووە بە 66 خاڵ و هەریەکە لە لانس و ئۆڵەمپیک مارسیلیا لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەدان بە 60 خاڵ.