چاڤی: پێویستیمان بەم جۆرە شکستانە هەیە

06-04-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکرەوە کە ئەوان زۆر دڵتەنگن بەم شکستە، بەڵام هیوای خواست ئەو دۆڕانە کاریگەری بەسەر ئاستیانەوە لە لالیگادا نەکات، گوتیشی "گۆڵی دووەمی ریال مەدرید وایکرد یارییەکە لەسەرمان قورس بێت". گوتیشی "ئەمشەو بۆ ئێمە خەوتن زۆر زەحمەت دەبێت".
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، یانەی ریال مەدرید لەنێو کامپ نودا، بە ئەنجامێکی گەورە 4-0 لە بارسێلۆنای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا گوتی "ئێمە خۆمان بەدەستەوە نەداوە، لەوانەیە ئەو شکستەمان لەبەرئەوە بووبێت کە ناڕێکخراو بووین، منیش لەگەڵ ئێوەدام گۆڵی دووەم وایکرد یارییەکە لەسەرمان قورس بێت".
 
راهێنەری بلاوگرانا، گوتیشی "پێویستیمان بەم جۆرە شکستانە هەیە بۆ ئەوەی باشتر پێبگەین".
 
ئەو زیاتر گوتی "پێویستمان بە پێگەیشتنی زیاترە لەم جۆرە کاتانەدا. ریال مەدرید تیپێکی گەورەیە، گێمی یەکەمی بە تۆمارکردنی گۆڵێک کۆتایی پێهێنا بەبێ ئەوەی پێویست بکات یارییەکی باش بکات و دوای ئەوە لە گێمی دووەمدا زاڵ بوو بەسەرماندا. من پێشتریش گوتم ریال مەدرید بەربژێرە بۆ بردنەوە لە ئێمە، ئەوان پاڵەوانی ئەوروپان".
 
ئایا ئەم شکستە کاریگەری بەسەر ئاست و مۆڕالی یاریزانانی بارساوە دەبێت؟ ئەمە پرسیارێکی کۆنگرەکە بوو کە لە چاڤی کرا؟ چاڤی لە وەڵامدا گوتی "پێموانییە، ئەم شکستە کاریگەری لەسەر مۆڕاڵی تیپەکەمان هەبێت بۆ ئەوەی ماوە لە وەرزەکەدا، چونکە ئەگەر نازناوی لالیگا بەدەستبهێنین، کە جامی سوپەری ئیسپانیاشمان بردووەتەوە، واتا وەرزێکی باش دەبێت بۆ ئێمە". هەروەها گوتی "ئەمشەو بۆ ئێمە خەوتن زۆر زەحمەت دەبێت".
 
راهێنەری بارسا، لە کۆتاییدا گوتیشی "هێشتا چانسی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگامان هەیە، یانزە یاری کۆتاییمان ماوە و دەبێت بە باشی ئەنجامیان بدەین، ئەگەر بمانەوێت نازناوی لالیگا بەدەستبێنین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە