دۆڕان لە کلاسیکۆدا شوێنی چاڤی لەق دەکات؟

06-04-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای ئەوەی لە جامی شای ئیسپانیا کرایە دەرەوە و تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو، بەڵام چاڤی هێرناندێز وەک راهێنەری بارسێلۆنا دەمێنێتەوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی دەڵێت "سەرەڕای ئەوەی لە جامی شا کرایە دەرەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا متمانەی تەواوی بە چاڤی هەیە و پێی وایە هیچ راهێنەرێک لەو گونجاوتر نییە بۆ ئەوەی لە قۆناخی داهاتوودا سەرپەرشتی تیپەکە بکات."
 
سەرچاوەکە زیاتر نووسیوویەتی "یانەی بارسێلۆنا بە ئارامی بیر لە نوێکردنەوەی گرێبەستی چاڤی دەکاتەوە، بەڵام دەیەوێت پرۆسەکە بخاتە دوای یەکلابوونەوەی نازناوی لالیگا، کە دەکرێت ئەوە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا رووبدات."
 
یانەی بارسێلۆنا لە دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، لەگەڵ چاڤی کار بۆ وەرزی نوێ دەکات و دەیەوێت چەند گۆڕانکارییەک لە تیپەکەیدا بکات، سەرەتای کارکردنەکەشیان بیرکردنەوەیە لە گرێبەستکردن لەگەڵ هێرشبەرێکی بەتوانا و گۆڵکار.
 
متمانەدانەوە بە چاڤی لە کاتێکدایە، لەم وەرزەدا یانەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگ، لە یۆرۆپالیگ، لە جامی شای ئیسپانیاش کرایە دەرەوە و تەنیا نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیای لەگەڵ راهێنەرەکە بردووەتەوە، رکابەریی لالیگاش هێشتا یەکلانەبووەتەوە.
 
گرێبەستی چاڤی لەگەڵ بارسێلۆنا لە 2024 کۆتاییدێت، یانە کەتەلۆنییەکە دەیەوێت گرێبەستەکەی تاوەکو 2026 نوێبکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە