ئەرجەنتین بووە پێشەنگی جیهان و جێگەکەی بە بەرازیل چۆڵکرد


رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، پێشەنگی ریزبەندی مانگانەی فیفای وەرگرت. پاشئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی نوێترین ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهانی بڵاوکردەوە.
 
هەڵبژاردەی تانگۆ، بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیالی 2022ی قەتەرەوە، توانی بگاتە پێشەنگی هەڵبژاردەکانی جیهان، پاشئەوەی کۆی خاڵەکانی لە ریزبەندییەکەدا بووە 1840.93 خاڵ و پێش هەڵبژاردەی فەرەنسای دووەمی مۆندیال کەوت، کە بۆ دووەمی ریزبەندییەکە سەرکەوت.
 
ئەمە یەکەمجارە لە دوای شەش ساڵ، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهان بەدەستدەهێنێت.
 
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی بەرازیل، بۆ پلەی سێیەمی ریزبەندی مانگانەی فیفا دابەزی، پاشئەوە لە دوا یاریی خۆیدا بە هەڵبژاردەی مەغریب دۆڕا. لە کاتێکدا هەڵبژاردەی بەلجیکا پلەی چوارەمی ریزبەندییەکەی گرت و لە شوێنی خۆی مایەوە.
 
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، پلەی پێنجەمی ریزبەندییەکەی گرتووە، هەڵبژاردەی هۆڵەندا شەشەمی جیهانە. کرواتیا پلەی حەوتەمی گرتووە و هەشتەمی جیهان بەدەست ئیتاڵیاوەیە. پۆرتوگال نۆیەم و ئیسپانیاش دەیەمی نوێترین ریزبەندی فیفایە.
 
هەڵبژاردەی مەغریب کە لە مۆندیالی قەتەردا پلەی چوارەمی سەر ئاستی جیهانی بەدەستهێنا، لە پلەی یانزەی جیهان ماوەتەوە، هەڵبژاردەی سەنیگال لە پلەی دوانزەیەمە.
 
لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیا، ژاپۆن لە پلەی بیستەمی جیهانە، ئێران لە پلەی بیست و چوارە. کۆریای باشوور 27، ئوسترالیا 29 و سعودیە پلەی 54.
 
هەڵبژاردەی قەتەر کە لە مۆندیالی رێکخراو لەسەر خاکەکەی ئەنجامەکانی زۆر خراپ بوون، بۆ پلەی 61ی جیهان دابەزی، عێراق سەرکەوت بۆ پلەی 67.