لێدوانی ئەنچیلۆتی دوای بردنەوەی یاریی کلاسیکۆ

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە بردنەوە بە ئەنجامێکی گەورە لە بارسێلۆنا و گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، دووپاتیکردەوە کە ئەوان هەموو شتێکیان لە یارییەکەدا بەتەواوی ئەنجامداوە، بۆیە توانیویانە لەنێو کامپ نودا بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر ببەنەوە.
 
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، یانەی ریال مەدرید لەنێو کامپ نودا، بە ئەنجامێکی گەورە 4-0 لە بارسێلۆنای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و سەرەتا گوتی "یارییەکی تەواوبوو بۆ ئێمە لە هەموو روویێکەوە، ئەگەرنا نەماندەتوانی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لەم یاریگەیەدا سەرکەوتن بەدەستبێنین". 
 
ئەو زیاتر لەبارەی یارییەکەوە، گوتی "لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا زانیمان چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخە زەحمەتەکەماندا بکەین، کە دەمانناڵاند، بەو پێیەی قورس بوو بۆ ئێمە لە ناوچەکەی خۆیاندا گوشار بخەینە سەریان. بێگومان گۆڵی یەکەم داینامیکی یارییەکەی گۆڕی، چونکە دوای ئەوە سەرکەوتوو بووین لە دۆزینەوەی رووبەر بۆ جوڵەکردن لە نێوان بەرگری و هێرشبردن، کە لە گێمی دووەمدا زیانێکی زۆرمان بە تیپی  بەرامبەر گەیاند".
 
راهێنەری ئیتاڵی یانەی شاهانە، گوتیشی "زۆر دڵخۆشین کە لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی ئۆساسونا دەبینەوە، پێموایە کەش و هەوا زۆر خۆش دەبێت. ئەزموونی هەردوو یاریی کلاسیکۆی خولەکە و جامی ئیسپانیا هاوشێوە بوو و ستراتیژیشمان هاوشێوە بوو".
 
ئایا کەریم بنزیما جارێکی دیکە دەتوانێت باڵۆن دۆر بباتەوە؟ ئەمە پرسیارێک بوو کە لە کۆنگرەکەدا رووبەڕووی ئەنچیلۆتی کرایەوە، ئەویش لە وەڵامدا گوتی "بۆچی نا؟ هێشتا نەک یەکێکە لە باشترین هێرشبەرانی جیهان، بەڵکو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان بەگشتی، کەریم هەر کاتێک ئاسوودە بێت دەتوانێت ئاراستەی یارییەکان بگۆڕێت".