کاردانەوە و ئامارەکانی دوای کلاسیکۆ

رووداو دیجیتاڵ

 

لە یارییەکی کلاسیکۆی پڕ لە جۆش و خرۆشدا، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیادا، یانەی ریال مەدرید لەنێو کامپ نودا، بە ئەنجامێکی گەورە 4-0 لە بارسێلۆنای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
دوای یارییەکە کۆمەڵێک ئامار گۆڕانکارییان بەسەرداهات و یارییەکە و ئەنجامە گەورەکەی ریال مەدرید کاردانەوەیەکی زۆریشی بەدوای خۆیدا هێنا:
 
ــ لە 2008ـەوە ریال مەدرید هەرگیز چوار گۆڵی لە بارسێلۆنا نەکردووە. لە 1963ـەوە ریال هەرگیز لە کامپ نودا چوار گۆڵی لە بارسا نەکردووە.
 
ــ 94 هەزار و 902 هاندەر بۆ بینینی کلاسیکۆ لە نزیکەوە ئامادەی کامپ نو بوون.
 
ــ ئەمە دوایین کلاسیکۆ بوو لە کامپ نو، تا دوو ساڵی دیکە ئەم چوار گۆڵە وەک یادگاری دەمێنێتەوە، چونکە دەست بەنۆژەنکردنەوە دەکرێت.
 
ــ ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، هەموو هاندەرانی بارسێلۆنا لەنێو کامپ نودا پێکەوە هاوریان دەکرد "مێسی، مێسی، مێسی..". ئەوان هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی بۆ یانەکەیان.
 
ــ کەریم بنزیما بەرۆژووبوو، بەڵام ئاستێکی سەرسوڕهێنەری پێشکێش کرد، هەموو کاتێک لە رەمەزاندا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات، ساڵی رابردوو لە مانگی رەمەزاندا 10 گۆڵی کرد، ئەمساڵیش لە چوار رۆژدا، لە دوو یارییدا 6 گۆڵ، واتا دوو هاتریکی تۆمارکردووە، یەکێک لە ڤایادۆلید لە لالیگا و ئەوەی دووەمیش لە بارسێلۆنا لە جامی شای ئیسپانیادا.
 
ــ لە دوایین 6 کلاسیکۆدا بنزیما 5 گۆڵ تۆمارکردووە و 2 دوو ئاسیستی کردووە.
 
ــ کەریم بنزیما کە هاتریکی کرد و بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا، لە دوای یارییەکە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە سوپاسی خوای کرد و نووسیبووی "ئەلحەمدولیللا".
 
ــ کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری ریال مەدرید، دوای یارییەکە لەبارەی کەریمەوە، گوتی "بنزیما دەتوانێت جارێکی دیکە باڵۆن دۆر بباتەوە، بۆ نا؟". هەروەها گوتی "بنزیما نەک باشترین هێرشبەرە، بەڵکو یەکێکە لە باشترین یاریزانانی جیهان، ئەو هەر کاتێک ئاسوودە بێت دەتوانێت ئاراستەی یارییەکان بگۆڕێت".
 
ــ دوای دۆڕاندنی 3 کلاسیکۆی بەسەریەکەوە، کارلۆ ئەنچیلۆتی، بەر لە یارییەکە بە بوێرییەکی زۆرەوە، گوتی "کارێک دەکەم مەدریدییەکان شانازیی پێوەبکەن". بەڕاستیش کردی.
 
ــ کە هەمیشە دەگوترا ڤینیسیۆس جۆنیۆری هێرشبەری ریال مەدرید ناتوانێت رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکاری بارسێلۆنا ببڕێت، لەم یارییەدا ڤینی بەسەریدا زاڵبوو، چەندجارێک تێیپەڕاند.
 
ــ ئاراوخۆ، دوای یارییەکە لەبارەی ڤینیسیۆسەوە گوتی "ئەو یاریزانێکی باشە، بەڵام ئەمڕۆ لێی تووڕە بووم، چونکە زۆربەی کاتەکەی بە قسەکردن لەگەڵ هاندەرانمان بەسەربرد. دەبێت ئەو زیاتر بیری لای یاری بێت".
 
ــ گارێس بەیڵ، یاریزانی پێشووی ریال مەدرید، ئەگەرچی بەشێوەیەکی نابەدڵی لە ریال رۆیشتبوو، بەڵام هەرزوو دڵخۆشیی خۆی بە سەرکەوتنی هاوڕێکانی پێشووی نیشاندا و لە پەیامێکدا بۆ یاریزاننی ریالی نووسیبوو "ئەمە چ ئاستێکی باوەڕپێنەکراوبوو؟".
 
ــ مەسعود ئۆزێل، یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی ریال مەدریدیش، دەریخستەوە کە دڵی هەر لە مەدریدە، ئەو نووسیبووی "بنزیما پاشایە، بنزیی کوڕم باشترین هێرشبەری جیهانە".
 
ــ چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، دانی بەوەدا نا کە ریال مەدرید شاینەی بردنەوە بوو، ئەو گوتی "پێشتریش گوتم ریال مەدرید بەربژێرە بۆ بردنەوە لە ئێمە، ئەوان پاڵەوانی ئەوروپان".
 
ــ چاڤی راشکاوانە گوزارشتی لە هەستی ناخۆشیی خۆی و کەتەلۆنییەکان کرد و گوتی "ئەمشەو بۆ ئێمە خەوتن زۆر زەحمەت دەبێت".
 
ــ گاڤی، یاریزانی بارسێلۆناش، نووسیبووی "بارسێلۆنا هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێکدا دڵە".
 
ـ لە لایەن ریال مەدریدیشەوە، لوکا مۆدریچ، گوتی "هەرگیز پێتان وانەبێت کە ریال مەدرید مردووە".
 
ــ لێدوانێکی سەرنجڕاکێشیش لە لایەن رۆدریگۆی یاریزانی بەرازیلی ریال مەدریدەوە درا، کە گوتی "دوای ئەم بردنەوەیە متمانەی زیاترمان بەخۆمان دەبێت بۆ ئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی ئیسپانیا و لە چامپیۆنزلیگیشدا نازناو بەدەستبێنین". 
 
ــ یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی، گاڵتەی بە بارسێلۆنا کردووە و نووسیویەتی "ئێمەش پێشتر ئەم ئاهەنگەکەمان بە درێسی سپییەوە بینیوە".
 
ــ سەرهەنگ موحسین، گۆڵپارێزی کوردی نێودەوڵەتی، لە ئینستاگرام، نووسیویەتی "دەبێ یانە و هەڵبژاردەکان هیوای ئەوە بخوازن لە نێو مانگی رەمەزانێ رووبەڕووی عەبدولکەریم بنزیما نەبنەوە، ئەو کوڕە لە رەمەزانان بۆ وا دەکات؟ خوایە ئەیسی میلانمان بە دوور بگری".