ڤیدیۆ؛ راهێنەری بایرن پێی وانییە ڤیاریال وا ئاسان بێت کە هەمووان بیری لێدەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ بێنفیکادا، ڤیاریال دووەم یانەی ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگە کە هەمووان ئارەزوویان دەکرد، رووبەڕووی ببنەوە. نە ڤیاریال تیپێکی بەهێز و تۆقێنەری پاڵەوانێتییەکەیە و نە ئۆنای ئێمری راهێنەریش ئەو راهێنەرەیە کە تیپەکانی بەرامبەر، لە تیپەکەی بترسن.
 
بەڵام ئەم هاوکێشەیە دەکرێ بۆ ڤیاریال پێچەوانە ببێتەوە، چونکە ئەو یانەیەی هیچی نەبێت بۆ دۆڕاندن، بێگومان دەتوانێ زۆر شت بکات بۆ بردنەوە. ئۆنای ئێمری و تیپەکەی لەم دۆخەدان، هەر بۆیە ئەوەی لە هەموو شت زیاتر سەرنجی رۆژنامەڤانانی راکێشا لە قسەکانی ئێمریدا، ئەو دێڕەبوو کە گوتی، ئێمە دەمانەوێت چێژ لە یاریکردن بەرامبەر تیپێکی گەورە وەربگرین.
 
ئێمری پێشتر لە زۆر یانەی جیاوازدا کاریکردووە، هەمیشە ئەو هاوکێشەیەی بەسەر ژیانی ئێمریدا زاڵە ئەوەیە، کارکردن لەگەڵ تیپەکانی ناوەند بۆ ئەو باشتر و بەدەستکەوتر و مێژووییترە لەو تیپانەی لە تۆپدان. ئەزموونی ئەو لە سیڤییا بەراورد بە پاریس سانجێرمان، ئەو راستییەی بەئاشکرا بەرجەستە کردووە.
 
هەمووان وەک تیپێکی بچووک بیر لە ڤیاریال دەکەنەوە، بەڵام نایگلسمانی راهێنەری بایرن میونشن، ناچارە بڵێ نەخێر من وا بیر ناکەمەوە. راهێنەرە ئەڵمانییە تەمەن 34 ساڵییەکە، رەتیکردەوە بۆ یارییەکە پەنا بۆ پێکهاتەی دووەمی تیپەکەی ببات. گوتی ئێمە باشترین پێکهاتەی خۆمان دەخەینە یاریگەوە.
 
نایگلسمان لە تواناکانی ڤیاریال کەمناکاتەوە، دەڵێ ئەوان تیپێکی گەورە و بەجووڵەن، بۆ راگرتن و سەرکەوتن بەسەریاندا، دەبێ ئێمە خۆمان بۆ هەڵویست و دۆخی جیاواز لە یارییەکەدا ئامادە بکەین.
 
بایرن میونشن گەرچی 25 یارییە لە چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی نەدۆڕاوە، بەڵام لەگەڵ نایگلسماندا هێشتا بەتەواوی قاڵبێکی وەرنەگرتووە، وا بکات ئەوانیدیکە وەک تۆقێنەر و بەربژێرێکی لەسەدا سەد بۆ بردنەوەی نازناوەکە تەماشای بکەن. ئەم هەموو هاوکێشە ئاڵۆزە لە یارییەکەدا، رەنگدانەوەکانی لە کۆتاییدا بەڕوونی دەردەکەون.