مێسی: ناوبژیوان دەیویست کارتێکی زەردم پێبدات

رووداو دیجیتال

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، نهێنییەکی نێوان خۆی و ناوبژیوانی یاریی بارسێلۆنا و ڤایادۆلید بۆ هاوکارێکی ئاشکراکردووە.

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی ئیسپانی پشتڕاستیکردەوە، دوێنێ شەو لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی ئەستێرەی بارسێلۆنا، لە گەڕی 29ـی لالیگادا، زۆر بە وریاییەوە یاری بەرامبەر ڤایادۆلید دەکرد، لەبەرئەوەی ترسی لەوە هەبوو ناوبژیوان کارتێکی زەردی پێبدات و لە کلاسیکۆ بێبەشی بکات.

بارسا 90 خولەک نەیتوانی گۆڵ لە ڤایادۆلید بکات، تاوەکو عوسمان دێمبێلی لە کاتی زیادکراودا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد، کە ئەم 3 خاڵە چەند رۆژێک بەر لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید بۆ بارسا زۆر گرنگ بوون.

لەو یارییەدا هەڕەشەی ئەوە لەسەر مێسی بوو کە بەشداری لە کلاسیکۆدا نەکات، ئەگەر کارتێکی زەرد بەرامبەر ڤایادۆلید وەربگرێت.

بە گوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، دوای کۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە، ئەوانەی دەوروبەری مێسی گوێبیستی ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە بوونە، کە بە کارلێس نالای نوێنەری بارسێلۆنای گوتووە "ناوبژیوان دەیەوێت کارتێکی زەردم بداتێ، ناتوانم بڕوا بەمە بکەم".

ڤایادۆلید یارییەکەی بە 10 یاریزان تەواوکرد، دوای ئەوەی لە نیوەی دووەمدا ئۆسکار پلانۆ کارتی سووری وەرگرت، بەڵام مێسی هیچ کارتێکی وەرنەگرت، بۆیە بەشداری لە کلاسیکۆدا دەکات.